زاخۆ بەبێ هاندەر یارییدەکات و هەولێریش دەیەوێت یەکەم بردنەوە تۆماربکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای یەکسانبوونی یانەی دهۆک لەگەڵ یانەی نەفتی وەسەت، ئەمرۆ سێ نوێنەرەکەی دیکەی کوردستان لە رکابەرییەکانی خولی نایابی عێراقدا دەردەکەون و دووانیان رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
لە یاریی لووتکەی خولەکەدا لە گەڕی چوارەم، یانەی زاخۆ لە نێو یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی نەورۆز دەکات، لەو یارییەدا کە بەهۆی سزادانی یانەکەوە بەبێ هاندەر دەکرێت و هاندەرانی زاخۆ ناتوانن پاڵپشتی یانەکەیان بکەن.
 
لەگەڵ ئەوەشی کە یارییەکە بەبێ هاندەر دەکرێت، زاخۆ دەیەوێت دووەم بردنەوە لەم وەرزەی خولەکەدا تۆمار بکات، بەتایبەت کە هاندەرانی یانەکە لە ئەنجامەکانی ناڕازین و لە ئەگەری شکستهێنان لە یارییەکەدا ئەوان زیاتر تووڕەدەبن.
 
حەمزە هادی، راهێنەری یانەی زاخۆ ئامادەکارییەکی زۆری بۆ ئەم یارییە کردووە و جگە لە بردنەوە بە هیچ ئەنجامێکی دیکە رازی نابێت.
 
لە بەرامبەر یانەی نەورۆز لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی باشن، لە سێ یاریی رابردوودا دوو بردنەوە دۆڕانێکی هەیە و لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولەکەیە، ئەوان دەیانەوێت سوود لە نا ئامادەیی هاندەرانی زاخۆ وەربگرن بۆ ئەوەی یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلابکەنەوە بە سێ خاڵەوە بگەڕێنەوە سلێمانی.
 
لە یارییەکی دیکەدا کە ئەمڕۆ ئێوارە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، یانەی هەولێر لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی حدود دەکات.
 
هەولێر لە سێ یاریی یەکەمیدا هەموو یارییەکانی دۆڕاندووە و هیچ خاڵێکی کۆنەکردووەتەوە، ئەمە یەکەم یاریی یانەکەیە لەژێر سەرپەرشتی غازی فەهد، راهێنەری نوێی یانەکە.
 
کارگێڕیی یانەی هەولێر لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە داوا لە هاندەرانی یانەکەی دەکات لەم یارییەدا ئامادەبن و پاڵپشتیی تیپەکەیان بکەن بۆ ئەوەی گرێی ئەنجامە خراپەکانیان بکەنەوە و یەکەم بردنەوەی لە یاریگەی خۆیاندا تۆماربکەن.
 
یاریی زاخۆ و نەورۆز کاژێر 15:00 بەڕێوەدەچێت، یاریی نێوان هەردوو یانەی هەولێر و حدود کاژێر 19:30 لە یاریگەی فرانسۆ هەریری دەکرێت.