سێ یاریزانی بارسێلۆنا پێکانیان هەیە و کێشە بۆ کۆمان دروستدەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

سێ یاریزانی یانەی بارسێلۆنا بەهۆی پێکانەوە ئەگەری هەیە لە یاریی داهاتوویان بەرامبەر بە یانەی رایۆ ڤاییکانۆ یاری نەکەن و داببڕێن.
 
میدیاکانی کەتەلۆنیا بڵاویانکردەوە، هەریەکە لە فرێنکی دییۆنگی یاریزانی هێڵی ناوەڕاست، جێرارد پیکێی بەرگریکەر و ئانسو فاتیی هێرشبەر، کێشەی پێکانیان هەیە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆ یاریی داهاتووی یانەیەکان بەرامبەر بە یانەی رایۆ ڤاییکانۆ یاری ناکەن.
 
ئەو سێ یاریزانە لە یاریی کلاسیکۆی ئیسپانیا تووشی پێکانبوون، کە دوێنێ لەنێوان ریال مەدرید مەدرید و بارسێلۆنادا کرا و یانەی ریال مەدرید 2-1 بردنەوەی تۆمارکرد.
 
فرێنکی دییۆنگ لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا بەهۆی کێشەی ماسوولەکەوە یاریگەی جێهێشت و چووە دەرەوە، سێرجی رۆبێرتۆ جێگەی گرتەوە، جێرارد پیکێش هەمان کێشەی هەیە دوای ئەوەی لەگەڵ ڤالڤێردیدا بەریەککەوتن.
 
ئانسو فاتیش کە خۆی تازە لە پێکان گەڕاوەتەوە و پێشتر کێشەی پێکانی ئەژنۆی هەبوو، لە کلاسیکۆشدا لەگەڵ داڤید ئالابا بەریەککەوتن و تووشی ئازار بوو، بۆیە کۆمانی راهێنەر گۆڕانکاری پێکرد و ئەگوێرۆی خستە جێگەی.
 
یانەی بارسێلۆنا رۆژی 27/10 کە دەکاتە چوارشەممە بەرامبەر بە یانەی رایۆ ڤاییکانۆ لە خولی یانەکانی ئیسپانیا یاری دەکات و بەرێژەیەکی زۆر ئەم سێ یاریزانە یاری ناکەن.