کۆمان: ڤار تەنیا دژی بارسا کاردەکات

25-10-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کۆمان ڤار
A+ A-

رووداو دیجیتال

رۆناڵد کۆمان، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، هێرشێکی تووندی کردە سەر ناوبژیوانی یاری کلاسیکۆ و سیستمی ڤار لە لالیگا و گوتی "ڤار تەنیا دژی بارسا کاردەکات".

لە یاری کلاسیکۆی لالیگادا، کە لەسەر یاریگەی کامپ نو لە بارسێلۆنا بەڕڕێوەچوو، یانەی ریال مەدرید 3 - 1 لە بارسێلۆنای بردەوە.

رۆناڵد کۆمان، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، ئۆباڵی شکستی تیپەکەی خستە ئەستۆی ناوبژیوانان و سیستمی ڤار و راشکاوانە گوتی "بە ناوبژیوانم گوت هیوادارم رۆژێک لە رۆژان بۆم روونبکەنەوە کە لە ئیسپانیا ڤار چۆن کاردەکات؟".

کۆمان هەروەها گوتی "دوای 5 یاری حاڵەتەکانی گەڕانەوە بۆ ڤار تەنیا بۆ بارسێلۆنا بوونە، هەرگیزیش لە بەرژەوەندیماندا نەبوونە، نە بۆ لێدانی سزای مێسی بەرامبەر سێڤییا گەڕانەوە ڤار، نەبوو دوو هەڵەی خیتافی بەرامبەر ئێمە، کە پێموایە کارتی سوور بوون، بۆیە پرسیارەکەم بۆ ناوبژیوان ئەوەبوو بۆچی ڤار تەنیا دژی ئێمە کاردەکات؟".

راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، سەرەڕای دۆڕانەکەیان دڵنیایی دایە جەماوەری بارسا و گوتی "ئەنجامێکی باش نەبوو بۆ ئێمە، بەڵام دڵخۆش بووم بەو شێوازەی تیپەکەم یاری پێکرد، وابزانم باش یاریمان کرد، بەڵام وەک پێشتریش ئاماژەم پێکرد ئەو لێدانی سزایە کاریگەری بەسەر ئەنجامی کۆتاییەوە هەبوو".

راهێنەرە هۆڵەندییەکە، لە کۆتاییدا گوتیشی "پێموایە تیپەکەمان لە دۆخێکی باشدایە، پێویست بە ترس ناکات، تەنانەت دوای دوو شکستیش بەرامبەر خیتافی و ریال مەدرید".



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە