نێچیرڤان بارزانی هۆکاری بەشدارییکردنی لە ماراسۆنی هەولێر ئاشکرا دەکات

رووداو - هەولێر

هەشتەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر، بەبەشداری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

سەنگەر عەبدولرەحمان، پەیامنێری رووداو لە شوێنی ماراسۆنەکە رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی،سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر و چەند میوانێکی دیکەی بەشداری لە رکابەرییەکانی چوار کیلۆمەتری هەشتەمین ماراسۆنی هەولێر دەکەن.

پەیامنێری رووداو زیاتر گوتی، دوێنێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکی باشی کردووە بۆ ئەوەی لە ماراسۆنەکەدا بەشداری بکات.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبەشدارییکردنی لە ماراسۆنەکەدا، ورەیەکی زیاتری دایە بەشداربووانی ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر و ماوەی 4 کیلۆمەتر کە ماوەی دیاریکراوی رکابەرییەکەبوو لەگەڵ وەرزشڤانان رایکرد.

نێچیرڤان بارزانی دوای ئەوەی گەیشتە هێڵی کۆتایی ماراسۆنەکە، لەبارەی بەشداریکردنی لە ماراسۆنی ئەمساڵ رایگەیاند: "کاتێک درووشمی ماراسۆنەکەم بینی باس لە پاک و خاوێنی ژینگە دەکات، زۆر پێمخۆشبوو بەشداربم، لەبەر ئەوەی بە نیسبەت ئێمەوە لە هەرێمی کوردستان پرسی پاکڕاگرتنی ژینگە شتێکی یەکجار گرنگە".

هەشتەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بەبەشداری وەرزشڤانانی 35 وڵات و زیاتر لە 3500 راکەر بەڕێوەچوو.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەوە ناسراوە کە بەیانیان زوو لە خەو هەڵدەستێت و زۆر حەزی لە وەرزشە، هەروەها یەکێکە لەو کەسانەی زۆر شاخەوانی ئەنجامدەدات .