پرێمەرلیگ.. ئەمڕۆ دێربیی مانچێستەر بەڕێوەدەچێت

25-10-2015
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
...
...
نیشانەکردن دێربیی مانچێستەر
A+ A-
رووداو - هەولێر

بەیادەوەری دوا سەردانییەوە بۆ یاریگەی ئۆڵدترافۆرد، کە سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێنا، مانچێستەر سیتی روودەکاتەوە ئەو یاریگایەی کە دوا بردنەوەی لە مانچێستەر یونایتدی رکابەری تێیدا بۆ مانگی سێی 2014 دەگەڕێتەوە، کاتێک لەو یاریگەیەدا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە یونایتدی بردەوە.

سیتی کە ئێستا پێشەنگی خولی ئینگلتەرایە و پشت ئەستوورە بە سەرکەوتنی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەسەر سیڤییای ئیسپانیدا، چاوی لە درێژەدان بە ریتمی خێرای خۆیەتی لە خولەکەدا چونکە ئەو یانەیە کە لە وەرزی ئەمساڵدا تەنیا دوو یاری بەرامبەر وێستهام و تۆتێنهام دۆڕاندووە، سەرجەم یارییەکانی دیکەی بەبردنەوە کۆتایی پێهێناوە و ئەوەش پێشەنگی خولەکەی داوەتە دەستی.

شینە ئاسمانییەکانی شاری مانچێستەر کە بە تۆمارکردنی 24 گۆڵ کاریگەریی گەورەی خۆیان بەرامبەر گۆڵی تیپەکانی دیکە پێشانداوە، لەو یارییە گرنگەدا کە مانوێل پیلیگرینی راهێنەر بە چارەنووسساز ناوی بردووە، لە تواناکانی سێرجیۆ ئەگوێرۆ بێبەش دەبن و لە پاڵیدا سەمیر نەسڕی و داڤید سێلڤاش بۆشایی لە پێکهاتەی تیپەکەیاندا دروستدەکەن.

هەرچەندە چارەنووسی یارییەکە لە 3 خاڵدا کۆدەبێتەوە، بەڵام بۆ راهێنەری سیتی لێکدانەوەکەی 6 خاڵە، لەبەرئەوەی بەرامبەر یانەیەکە لە ریزبەندی خولەکەدا پلەی سێیەمی گرتووە.

ئەو یانەیە کە مانچێستەر یونایتدە، ترسی لە سوپرایزێکی هاوشێوەی ئەوەی ئارسیناڵ هەیە بەرامبەری، چونکە چەند هەفتەیەکی کەم لەمەوبەر، لویس ڤان گال و یاریزانەکانی، دەستەوسان بوون بەرامبەر راپەڕینی تۆپچییەکان بەرامبەریان و هیچیان پێنەکرا بۆ راستکردنەوەی دوا کەوتنیان بە 3 گۆڵ.

ئەگەرچی مانچێستەر یونایتد ئەمساڵ لە دوو وەرزی رابردوو ئامادەیی زیاتری بۆ سەرکەوتن و رکابەری لەسەر نازناوی خولەکە پێشانداوە، بەڵام ئەو پلانەی راهێنەرە هۆڵەندییەکە لە یارییەکاندا کاری پێدەکات، هەندێکجار دووچاری شکستی گەورە دەبێت، وەک ئەوەی بەرامبەر ئارسیناڵ و پێشتریش سوانزی سیتی تووشی هات.

مان یو کە لە دوای سێر ئەلێکس فێرگسۆنەوە بەشێکی زۆری رەونەقی خۆی لەدەستداوە، دووەمساڵە لەگەڵ لویس ڤان گالدا هەنگاوەکانی لەسەر رێگەیەک دەنێت کە کۆتاییەکەی راستکردنەوەی دەرچوونیەتی لە ریتمی خۆی.

یانەکەی ڤان گال بەر لە یارییەکەی دێربی بەدەست گۆڵ تۆمارنەکردنی وەین روونی کاپتنیەوە دەناڵێنێت کە ئەمساڵ تەنیا دووجار سەردانی گۆڵی رکابەرەکانی کردووە، بەڵام لە بەرامبەردا درەوشانەوەی مارتیاڵی فرانسی خەونەکانی ڤان گال بۆ سەرکەوتن لە یارییەکەدا گەورەتر دەکات.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە