ئێمباپێ تووشی پێکانبوو و سێ هەفتە دووردەکەوێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید راگەیێنراوێکی لەبارەی پێکانەکەی کیلیان ئێمباپێ بڵاوکردەوە و یاریزانەکە چەند هەفتەیەک لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە.
 
دوای ئەو پێکانەی لە یارییەکەی ریال مەدرید بەرامبەر یانەی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێش تووشی بوو، ریال مەدرید لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "دوای ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکانی ئەمڕۆ بۆ کیلیان ئێمباپێ، دەرکەوتووە یاریزانەکە لە ماسوولکەی دووسەری رانی چەپیدا تووشی پێکانبووە."
 
بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بوو، یاریزانەکە بەشداری لە یاریی داهاتووی ریال مەدرید بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید ناکات.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا دەڵێن "ئێمباپێ سێ هەفتە لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە، بەو هۆیەشەوە بەشداری لە یارییەکانی ریال مەدرید بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، لیل و ڤیاریال ناکات، هەروەها لە دوو یاریی داهاتووی فەرەنساشدا لە هەفتەی فیفادا ئامادەنابێت."