پاڵەوانێتیی فوتساڵی کچانی عێراق بەردەوامە

رووداو هەولێر

یارییەکانی پاڵەوانێتیی فوتساڵی کچانی عێراق لە شاری بەغدا بەردەوامە، هیچ یانەیەکی هەرێمی کوردستان بەشدار نییە، بەڵام یانەکانی دیکە پشت بە راهێنەر و یاریزانی کورد دەبەستن.
 
ئەمساڵ یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بە بەشداری 7 یانە بەشێوازی یەک قۆناخ لەنێو هۆڵی یانەی جەیش بەڕێوەدەچن و هەفتەیەک دەخایەنێت، یانەکان بریتین لە ئاڵتون کۆپری، زەورا، فەتات نەینەوا، نەفتی میسان، بیلادی، ئەمواجی موسڵ لەگەڵ ئەکادیمیای بەنات عێراق.
 
دوو گەڕ بەسەر یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە تێپەڕیوە، یانەی نەفتی میسان وەرزی ئەمساڵ بۆ یەکەمجار تیپی فوتساڵی کچانی دروستکردووە، یانەکە گرێبەستی لەگەڵ مەزن محەممەدی راهێنەر و هەشت کچە یاریزانی کورد بەهیوای بردنەوەی نازناوی عێراق واژۆکردووە.
 
یانەی نەفتی میسان لە یەکەم رۆژی پاڵەوانێتیی فوتساڵی کچانی عێراق چاوەڕوان بوو، لە دووەم گەڕدا ئەکادیمیای بەنات عێراقی گۆڵبارنکرد و بە ئەنجامی 16 گۆڵی خاوێن یارییەکەی بردەوە و زەنگی مەترسی بۆ یانەکانی دیکە لێدا.
 
مەزن محەممەد، راهێنەری کوردی یانەی نەفتی میسان، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "بەداخەوە یانەکانی هەرێمی کوردستان بایەخ بە یارییەکەمان نادەن و ئێمە بەناچاری یاری بۆ یانەکانی بەغدا و باشووری عێراق دەکەین. بەئامانجی بردنەوەی نازناوەکە گرێبەستم لەگەڵ یانەی نەفتی میسان واژۆکردووە".
 
لیژنەی خانمان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، باشترین خانمە یاریزانەکانی پاڵەوانێتییەکە بۆ پێکهاتەی نوێی هەڵبژاردەی فوتساڵی عێراق دەسنیشاندەکات، بۆ ئەوەی بەسەرپەرشتی راهێنەرێکی پۆرتوگالی هەڵبژاردەکە بەشداری یارییەکانی پاڵەوانێتیی عەرەب و ئاسیا بکات.
 
هەڵبژاردەی فوتساڵی کچانی عێراق، خاوەن نازناوێکی جامی رۆژئاوای ئاسیایە، کە بەسەرپەرشتی خانمە راهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان شاهیناز یاری بەدەستهێنراوە.