جۆری پێکانەکەی رۆدری ئاشکرا کرا

دوێنێ کاژێر 01:00
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن مانچێستەر سیتی رۆدری
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی جۆر و سرووشتی پێکانەکەی رۆدری، یاریزانی یانەکەی ئاشکرا کرد، بەڵام ‌هێشتا روون نییە ماوەی دوورکەوتنەوەی ئەو یاریزانە چەندە.
 
رۆدری، لە یاریی نێوان مانچێستەر سیتی و ئارسیناڵ لە گەڕی پێشووی پرێمەرلیگ، بەهۆی پێکانەوە یاریگەی بەجێهێشت.
 
یانەی مانچێستەر سیتی، لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکردووە، ئەو یاریزانە دووچاری پێکان لە بەستەری ئەژنۆی راستی بووە، بەڵام هێشتا پێویستی بەپشکنینی زیاتر هەیە بۆ یەکلابوونەوەی تەواوی وردەکاریی پێکانەکە.
 
یانەی مانچێستەر سیتی هەروەها دەڵێ، یاریزانەکە روویکردووەتە بارسێلۆنا بۆ وەرگرتنی راوێژی زیاتر لەبارەی سرووشتی پێکانەکەیەوە.
 
پێشتر سەرچاوەکان پێیانوابوو ئەو یاریزانە دووچاری پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی بووە و وەرزەکەی کۆتاییهاتووە، بەڵام لە دوو رۆژی رابردوودا جۆرێک لە گەشبینی لە یانەکەدا سەریهەڵدا، پاش گەیشتنی هەواڵی پۆزەتیڤ لەبارەی پێکانەکەوە کە دووپاتیدەکاتەوە رۆدری، بەستەرەکانی ئەژنۆی نەپچڕاون.
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی، لەبارەی پێکانی ئەو یاریزانەوە گوتبووی، پێویستی بە‌هەڵسەنگاندن و پشکنینی زیاتر هەیە، ئەوەشی دووپاتکردبووەوە کە "پێکانی یاریزانەکە زۆر قورس نییە و دوورکەوتنەوەی درێژخایەن نابێت."
 
گواردیۆلا هەروەها گوتبووی، "پڕکردنەوەی شوێنی رۆدری ئەستەمە، بەڵام چارەسەرێک بۆ دۆخەکە دەدۆزێتەوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە