بەربەستێک کەوتە بەردەم رێککەوتنی بارسێلۆنا و چێزنی

رووداو دیجیتاڵ

 

مارینا لۆچێنکۆ، هاوژینی ڤۆیچیچ چێزنی، گۆڵپارێزی پێشووی هەڵبژاردەی پۆڵەندا و یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی، مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لە سەروبەندی ئەو هەواڵانەی کە باس لەوە دەکەن کە چێزنی نزیکە لە پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری وازهێنانی، لەپێناو پەیوەندیکردن بە بارسێلۆناوە، بۆ قەرەبووکردنەوەی شوێنی مارک ئاندرێ تێر شتیگنی گۆڵپارێزی ئەڵمانی.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، بڵاویکردەوە کە کێشەیەک بووەتە بەربەست لەپێش ئەنجامدانی ئەو گرێبەستە.
 
لە یارییەکەی بارسێلۆنا و ڤیاریال لە خولی ئیسپانیا، تێر شتیگن تووشی پێکانێکی قورس لە ئەژنۆی بوو. گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە نەشتەرگەری ئەژنۆی بۆ کراوە، و نزیکەی 8 مانگ دووردەکەوێتەوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، بارسێلۆنا پەیوەندی بە چێزنییەوە کردووە بەمەبەستی گرێبەستکردن لەگەڵیدا بۆ ئەوەی شوێنی تێر شتیگن بگرێتەوە.
 
هەواڵەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، گۆڵپارێزە پۆڵەندییەکە بیر لە پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری وازهێنانەکەی دەکاتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانە کەتەلۆنییەکەوە بکات.
 
لە یەکێک لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیادا، پۆستێک بڵاوکراوەتەوە و نووسراوە "ناتوانرێت بارسێلۆنا یان ریال مەدرید رەتبکرێتەوە"، هاوژینی گۆڵپارێزە پۆڵەندییەکەش لایکێکی بۆ ئەو پۆستە کردووە، ئەمەش مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
 
جگە لەوەش رۆژنامەی سپۆرت لە راپۆرتێکیدا، روونیکردووەتەوە "پێش ئەوەی بارسێلۆنا بتوانێت هەنگاو بنێت بۆ رێککەوتن لەسەر وردەکارییەکان لەگەڵ چێزنی، گۆڵپارێزەکە پێویستی بەوەیە لەسەر مەرجەکانی رێککەوتنەکەی لەگەڵ یوڤێنتوس رێکبکەوێت، بەو پێیەی کاتێک چێزنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یوڤێنتوس هەڵوەشاندەوە، یانە ئیتاڵییەکە مەرجێکی بۆ داناوە کە دەڵێت "ئەگەر چێزنی پێش ماوەیەکی دیاریکراو پەیوەندی بە یانەیەکی پلە یەکەوە بکات، ئەوا دەبێت بڕە پارەیەک بداتە یانە ئیتاڵییەکە، و ئەگەرچی ئەو بڕە پارەیە زۆر نییە، بەڵام بارسا هیواخوازە گۆڵپارێزە پۆڵەندییەکە ئەم بابەتە زوو چارەسەربکات، پێش ئەوەی لەگەڵیدا بەفەرمی دەست بە دانوستاندنەکان بکات".
 
چێزنی 252 یاری لەگەڵ یوڤێنتوس ئەنجامداوە و 103 کلین شیتی هەیە و 233 جار تۆڕی گۆڵەکەی هەژێنراوە.
 
گۆڵپارێزە تەمەن 34 ساڵەکە لەگەڵ یوڤێنتوس 3 جار نازناوی خولی ئیتاڵیا، جامی ئیتاڵیا و دوو نازناوی جامی سوپەری ئیتاڵیای بەدەستهێناوە.
 
هەروەها 84 یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆڵەندا ئەنجامداوە، لەو ماوەیەدا 83 گۆڵی لێکراوە و لە 34 یارییدا گۆڵی خۆی بە خاوێنی پاراستووە.
 
چێزنی کاتێک بڕیاریدا واز لە یاریکردن بێنێت، گوتی کە دەیەوێت سەرنجی لەسەر ژیانی خێزانەکەی و لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی بێت.