ئامەدسپۆر کێشەی یاریگەی هەیە

25-09-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یانەی ئامەدسپۆر داواکاریی ئاراستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا کرد و داوا دەکات یاریی ئەمجارەیان لە شارێکی دیکە بکرێت.
 
ئامەدسپۆر تاوەکو ئێستا سێ یاری لە یاریگەی یانەی دیاربەکرسپۆر کردووە، بەڵام کواڵیتیی یاریگەکە خراپە، بەتایبەتی چیمەنەکەی کە بووەتە جێگەی باسی میدیاکان. 
 
ئامەد سپۆر خۆی یاریگەی نییە. یاریگەی دیاربەکرسپۆر لە سێ مانگدا جاری سێیەمە دەدرێتە کۆمپانیای نۆژەنکردنەوە.
 
ئامەدسپۆر رۆژی 6-10-2024 میوانداریی یانەی ئەرۆک سپۆر دەکات. 
 
ئامەدسپۆر داواکارییەکی ئاراستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا کردووە و داوای لێکردووە یارییەکە لە شارێکی دیکە بکرێت. ئێستا ئەو یانەیە چاوەڕێی وەڵامی فیدراسیۆنەکەیە.
 
ئامەدسپۆر رۆژی 29-9-2024یش رووبەڕووی یانەی ماڵاتیاسپۆر دەبێتەوە. 
 
یانەی ئامەدسپۆر، دوای ئەوەی ساڵی رابردوو بووە پاڵەوانی خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا، ئەم ساڵ لە خولی یانە پلە یەکەکاندا یاری دەکات. 
 
ئەو یانەیە لە 6 یاری ئەم ساڵیدا 9 خاڵی کۆکردووەتەوە؛ 2 بردنەوە، 3 یەکسان بوون و دۆڕانێکی هەیە.
 
یانەی ئامەدسپۆر ساڵی 1972 دامەزراوە و درێسەکەی تێکەڵەی رەنگەکانی سوور، سەوز، سپییە و سەرەتا لەژێر ناوی مەلیک ئەحمەد تورام سپۆر بەشداری لە خولە میللـیەکانی ئامەد کرد.
 
ساڵی 1990 یانەکە لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە کڕدرا و ناوەکەی بۆ (یانەی شارەوانیی دیاربەکر) گۆڕدرا.
 
ساڵی 2006-2007 توانی لە خولی پلە سێ خۆی بگەیێنێتە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا.  
 
رۆژی 28-10-2014 لە کۆنگرەیەکدا ناوی یانەکە گۆڕا بۆ ئامەدسپۆر. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە