ڤیدیۆ؛ ریال مەدرید بردنەوەیەکی زەحمەتی تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید بردنەوەیەکی زەحمەتی لە رکابەرییەکانی لالیگادا تۆمارکرد و درێژەی دایە سەرکەوتنەکانی.
 
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی حەوتەمی لالیگا، ریال مەدرید لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداری دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێشی کرد، یارییەکە یاریی ژمارە 300ـی کارلۆ ئەنچێلۆتی بوو وەکو راهێنەری ریال مەدرید.
 
دوای دەستپێکردنی یارییەکە بە چەند چرکەیەک، لوکاس ڤاسکێز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 40 کیلیان ئێمباپێ، یانەی شاهانەی کردە خاوەنی دوو گۆڵ و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی خاوەن یاریگە کۆتاییهات.
 
دوای دەستپێکردنی نیوەی دووەم بە سێ خولەک، رۆدریگۆ، گۆڵی سێیەمی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد، ئیدی هاندەرانی یانەکە پێیانوابوو تەواو یانەکەیان یارییەکەی یەکلاکردەوە.
 
لە خولەکی 85 کارلۆس بێناڤیدێز و لە خولەکی 86 کیکێ گارسیا دوو گۆڵی بەدوای یەکدا بۆ ئالاڤێش تۆمارکرد، ئەمە ریال مەدرید خستە نێو دۆخێکی ئاڵۆز، بەڵام پارێزگارییان لە ئەنجامەکە کرد و یارییەکەیان بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە.
 
ئەمە پێنجەم بردنەوەی ئەم وەرزەی ریال مەدریدە و چوارەم یارییە لەسەریەک دەیباتەوە، ئێستا یانەکە خاوەنی 17 خاڵە و لە پلەی دووەمی لالیگایە، ئالاڤێش سێیەم یارییە دەدۆڕێنێت و بە 10 خاڵ بەشێوەیەکی کاتی پلەی هەشتەمی گرتووە.