پاڵەوانێتیی بالەی کچانی عێراق لە هەولێر دەستپێدەکات
رووداو هەولێر
بە بەشداری 11 یانە، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە یارییەکانی پاڵەوانێتیی بالەی کچانی عێراق، لە هۆڵی یانەی ئەکاد عەنکاوە دەستپێبکات.
فیدراسیۆنی بالەی عێراق، سەرپەرشتی یارییەکان دەکات و یانەکان بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکراوەن، بەمشێوەیە:
کۆمەڵەی یەکەم: سەنحاریب، ئەکاد عەنکاوە، دەربەندینخان، سلێمانی و ئەرمەن.
کۆمەڵەی دووەم: قەرەقۆش، ئەفرۆدێت، بەسرە، ئافرەتانی هەولێر، ئەمانە بەغدا و تەقتەق.
عەباس هندی، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی فیدراسیۆنی بالەی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئەمساڵ رکابەرییەکی زۆر بەهێز لە یانەکان چاوەڕواندەکرێت، بەهۆی ئامادەکارییەکی زۆرییان و بەهێزکردنی ریزی تیپەکان بە یاریزانی ئاستبەرز".
لەم پاڵەوانێتییەدا دەستەی راهێنەرانی هەڵبژاردەی یەکەمی کچانی عێراق، ئامادەی یارییەکان دەبن و دوای چاودێریکردنی ئاستی یاریزانەکان، باشترین 15 یاریزانی پاڵەوانێتییەکە بۆ تیپەکەیان دەستنیشاندەکەن، دواتر خۆیان بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی وڵاتانی عەرەب ئامادە دەکەن.
هندی زیاتر روونیکردەوە "کچە یاریزانانی هەرێمی کوردستان ئاستێکی بەرزییان هەیە و ئەوان بەشێکی زۆری پێکهاتەی هەڵبژاردەی عێراق وەردەگرن، بەهۆی بایەخی یانەکان بە کچە یاریزانان و پێشکەوتنی یارییەکانی خانمان لە نێو تیپەکانیاندا".
لە دەستپێکی پاڵەوانێتییەکەدا ئەم یارییانە ئەنجامدەدرێن:
ئەفرۆدێت - ئەمانە بەغدا
بەسرە - ئافرەتانی هەولێر
قەرەقۆش - تەقتەق
دەربەندیخان - سلێمانی
ئەکاد عەنکاوە - ئەرمەن
یانەی سەنحاریب چاوەڕوان دەبێت.
وەرزی رابردوو یانەی سەنحاریب، کە یانەیەکی شاری دهۆکە، توانی نازناوی پاڵەوانێتیی بالەی کچانی یانەکانی عێراق بباتەوە.