تێری هێنری دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی بەلجیکا

رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی تۆپی پێی بەلجیکا، رایگەیاند تێری هێنری راهێنەری هەڵبژاردەی بەلجیکا دەبێت لە یارییەکەی ئەمڕۆیان بەرامبەر هەڵبژاردەی هۆڵەندا لە خولی نەتەوەکانی ئەوروپا.
 
هێنری وەک جێگرەوەی رۆبێرتۆ مارتینێز لەم یارییەدا سەرپەرشتی هەڵبژاردەی بەلجیکا دەکات، بەهۆی سڕکردنی مارتینێزەوە، کە لە دواخولەکەکانی بردنەوەی بەلجیکا بەرامبەر وێڵز لە برۆکسل بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
 
هێرشبەری پێشووی فەرەنسا ساڵی، رابردوو گەڕایەوە بۆ هەڵبژاردەی بەلجیکا دوای ئەوەی لە ساڵی 2016 تاوەکو 2018 وەک یاریدەدەری راهێنەر کاریکردووە، ئەمە یەکەم یاری ئەو دەبێت وەک راهێنەری هەڵبژاردەی بەلجیکا.
 
ئەمشەو کاژێر 21:45 بە کاتی باشووری کوردستان، هەڵبژاردەی بەلجیکا لە دوایین گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکانی نەیشنسلیگدا، لەسەر یاریگای ئەمستردام ئارێنا دەبێتە میوانی هەڵبژاردەی هۆڵەندا، کە بە جیاوازی 3 خاڵ لەدوای هۆڵەندا پلەی دووەمی کۆمەڵەی چواری گرتووە.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، رۆبێرتۆ مارتینێزی راهێنەری هەڵبژاردەی بەلجیکا، قسەی بۆ میدیاکاران کرد و گوتی "من لەسەر پەیژەکانی یاریگە دەبم. دیارە شتێکی تەواو نوێیە بۆ من، دەتوانم چی بکەم، یان نەکەم. بەڵام دەتوانم بە تەواوی و بەشێوەیەکی سروشتی ئامادەکاری بۆ یارییەکە بکەم. هەموو شتێک تەواو وەک خۆی دەبێت جگە لە پەیوەندیکردن بە یاریزانەکانمەوە لە کۆتایی نیوەی یەکەمدا". 
 
ئەو هەروەها گوتی "بۆ ئێمە زۆر باش دەبێت. ئێمە لە دوو ساڵی رابردوودا پلانمان داناوە بۆ هەر دۆخێک کە بە بوونی کۆرۆنا ئەگەری روودانی هەبێت. هەرگیز چاوەڕێم نەدەکرد دوای سەردەمی کۆرۆنا ئەوە رووبدات، بەڵام بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەوەم کە تێری هێنری بتوانێت بە پاڵپشتی ئەنتۆنی باری و تۆماس ڤێرمایلین کاربکات". 
 
مارتینێز لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتیشی "ئێمە تیمێکی تەکنیکی زۆر بە ئەزموون و بەهێزمان هەیە، بۆیە چاوەڕێی ئەوەم کە چۆن بتوانین مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکەین. پێموایە زۆر قورس دەبێت بۆ من کە لە سەر پەیجەکانەوە سەیری بکەم".