ڤان خال هەڕەشە لە بەلجیکا دەکات و دەیەوێت بەبێ دۆڕان بگاتە مۆندیال

25-09-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لویس ڤان خال هەڵبژاردەی بەلجیکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لویس ڤان خال، راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا، دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ دەبێت له‌ به‌لجیكای دراوسێیان ببەنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌یاندا پله‌ی یه‌كه‌م مسۆگه‌ر بكەن، کە له‌و كاته‌وەی پۆستی راهێنه‌ری هەڵبژاردەکەی وه‌رگرتووه‌، نە دۆراوە و دەیەوێت به‌بێ دۆڕان بچێته‌ مۆندیالی 2022ـی قەتەر.
 
هۆڵەندا بە جیاوازی سێ خاڵ لەگەڵ بەلجیکا پێشەنگی کۆمەڵەی چواری نەیشنسلیگی گرتووە و ئەمشەو کاژێر 21:45 بە کاتی باشووری کوردستان، لەسەر یاریگای ئەمستردام ئارێنا میوانداری هەڵبژاردەی بەلجیکا دەکات.
 
ڤان خال لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، گوتی "دەبێت ئەم یارییە ببەینەوە، بەبێ دۆڕان بچینە مۆندیال باشترە لەوەی دوایین یاری بدۆڕێنین. من ئەوەم بە یاریزانەکانم گوتووە".
 
بەلجیکا کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا لە برۆکسل بە ئەنجامی 4-1 بە هۆڵەندا دۆڕا، بۆیە دەبێت ئەم یارییە بەجیاوازی بە 3 گۆڵ لە هۆڵەندا بباتەوە بۆ ئەوەی پلەی یەکەمی کۆمەڵەکە لە هۆڵەندا وەربگرێت و سەربکەوێت بۆ قۆناخی پێسکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
کاتێک ئەمەیان لە ڤان خال پرسی؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "ئەگەر ئەوان بتوانن بە جیاوازی 3 گۆڵ لێمان ببەنەوە شایستەی پێشەنگیی کۆمەڵەکە دەبن، بەڵام من باوەڕم بە یاریزانەکانم هەیە، یاریزانەکانم هەمیشە بە وردی بیریان دەخەنە سەر یارییەکانیان، هەر بۆیەش هەمیشە دوو رۆژ پێشتر پێیان دەڵێم پێکهاتەکە بەمشێوەیە و ئەمانە بەشێوەی سەرەکی یاری دەکەن".
 
راهێنەرەکەی هۆڵەندا ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە شیکاریمان بۆ رکابەرەکەمان کردووە، بەلجیکا هەمیشە بە هەمان چەمک و شێواز یاری دەکات، ناتوانم بیر لەوە بکەمەوە کە بەلجیکا لەناکاودا شتێکی جیاواز بکات".
 
ئەوە زیاتر گوتی "خۆشحاڵم کە تیپەکەمان لە دوایین یاریی نێودەوڵەتیدا پێش مۆندیالی قەتەر تاقیکردنەوەیەکی سەخت دەکات، من پێمباشە بەرامبەر ئەم جۆرە رکابەرانە یاری بکەم".
 
ڤان خال، پەسنی کیڤن دی برۆینی ئەستێرەی تیپی رکابەریشی دا و گوتی "زۆرجار گوتوومە کە پێموایە کیڤن دی برۆین خەیاڵییە، ئەو یاری دەکات و گۆڵیش دەکات. پێموایە یاریکردن بەرامبەر بە بەلجیکیەکان خەیاڵییە، من باسی دی برۆینم کردووە، بەڵام ئەوان زیاتریان هەیە، بەڵام ئێمەش یاریزانی باشمان هەیە".
 
ئەگەر هۆڵەندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، دەبێتە 37ـەمین سەرکەوتنی ڤان خال لە کۆی 58 یاری وەک راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا، کە یەکسان دەبێت بە ژمارەی پێوانەیی دیک ئەدڤۆکات وەک راهێنەری هۆڵەندا، کە زۆرترین سەرکەوتنی لەگەڵ هەڵبژاردەکە بەدەستهێناوە.
 
ڤان خال تەمەنی 71 ساڵە و جاری سێیەمە دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا، کە لە گەڵیدا تەنیا 14 جار دۆڕاوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە