دایكی رۆناڵدۆ په‌یامێك بۆ زیدان ده‌نێرێت

 


دایكی كریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی یانه‌ى ریال مه‌دریدى ئیسپانی په‌یامێكی نا روون بۆ زینه‌دین زیدانی راهێنه‌ری یانه‌ى شاهانه‌ ده‌نێرێت، به‌هۆی گۆڕینی رۆناڵدۆ له‌ یاری ریال مه‌درید و لاس پاڵماس.

دواى ئه‌وه‌ی زیدان له‌ خوله‌كی 71دا رۆناڵدۆی دانیشاند، ئه‌ستێره‌ی پورتوگالى به‌ ئاشكرا نا ره‌زایی خۆی نیشاندا و بووه‌ بابه‌تی میدیای جیهانى و ئه‌و گرته‌یه‌ چه‌ندین هه‌ڵوێست و لێكدانه‌وه‌ی جیاجیای به‌دوادا هات.

یه‌كێك له‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی وه‌رگرتووه‌، دۆلۆریس ئه‌ڤیرۆی دایكی رۆناڵدۆیه‌، كه‌ له‌ تویته‌ره‌وه‌ په‌یامێكی بۆ زیدان ناردووه‌، به‌ڵام مه‌به‌ست و مانای په‌یامه‌كه‌ی دایكی رۆناڵدۆ روون نییه‌ و لێكدانه‌وه‌ی زۆری بۆ ده‌كرێت.

ئه‌ڤیرۆ، له‌ تویته‌ره‌كه‌یدا نووسیویه‌تى "كوڕه‌كه‌م.. قه‌ت سه‌رت نزم مه‌كه‌ره‌وه‌".

هه‌ندێ له‌ چاودێران پێیانوایه‌ ئه‌مه‌ جۆرێك له‌ ره‌خنه‌یه‌، كه‌ دایكی رۆناڵدۆ ئاراسته‌ی زیدانى كردووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ی دانیشاندووه‌، ده‌ڵێن "ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌ڤیرۆ هاندانی كوڕه‌كه‌یه‌تی بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی زیدان". هه‌ندێكی دیكه‌ش به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پێیانوایه‌ دایكی رۆناڵدۆ ویستوویه‌تی له‌ تووڕه‌یی كوڕه‌كه‌ی كه‌م بكاته‌وه‌و له‌وه‌ی تێبگه‌ینێت كه‌ پێویسته‌ گوێڕایه‌ڵی زیدان بێت، چونكه‌ زیدان به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و تیپه‌كه‌ی ویستووه‌.