خولی ئەستێرەکانی عێراق لە دهۆک دەبێت و رەحمە ریاز گۆرانی دەڵێت

رووداو دیجیتاڵ
 
ئاهەنگی دەستپێکردنی یارییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە دهۆک دەبێت و رەحمە ریاز و چەند گۆرانیبێژێکی بەنێوبانگی کورد و عەرەب بەشداردەبن.
 
یانەی وەرزش دهۆک بە فەرمی داوایەکی ئاراستەی یەکێتی تۆپی پێی عێراق کردووە بۆ ئەوەی یاری دەستپێکی خولی ئەستێرەکانی عێراق لەسەر یاریگەی دهۆک بەڕێوەبچێت، یەکێتی تۆپی پێش رەزامەندی دەستپێکی داوە.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، لێژنەی مۆڵەتدان سەردانی یاریگەکانی کوردستانیان کرد، بۆ هەریەک لە یاریگەکانی زاخۆ، هەولێر، نەورۆز و دهۆک تاوەکو تەواوی رێنوێنییەکان بدەن بە یانەکان بۆ ئەوەی یاریگەکان و تیپەکان بەباشترین شێوە بۆ وەرزی نوێ ئامادەبکەن.
 
مانوێل نۆفۆ، سەرۆکی لێژنەی مۆڵەتدان و نوێنەری دەستەی لالیگا لە عێراق دەڵێت " لێژنەکەمان هەمیشە دەیەوێت، رێنوێنی بدات بە تیپەکان و پاڵپشتیان بکات بەر لە ئەوەی ببین بە چاودێر بەسەریانەوە."
 
لە دوای سەردانی لیژنەکە، یانەی دهۆک بە شێوەی زارەکی رەزامەندی یەکێتی تۆپی پێی عێراقی وەرگرت بۆ ئەوەی یاری دەستپێکی وەرز لە شاری دهۆک بێت.
 
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە ئاهەنگی دەستپێکردنی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، رەحمە ریاز، گۆرانیبێژی بەنێوبانگی عێراقی، چەند هونەرمەندێکی دیاری کوردستان و عەرەبی بەشدار دەبن.
 
رەحمە ریازی ئەستێرەی عێراقی لە ئێستادا لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی بەشداربێت لە ئاهەنگەکە و گۆرانی بۆ ئامادەبووان بڵێت، لەپاڵ ئەویشدا چەند ئەستێرەیەکی کورد ئێستا لە گفتوگۆدان لەگەڵ یانەی دهۆک، بەڵام یەکلای نەبۆتەوە کامەیان بەشدار دەبن.
 
رەحمە ریاز پێشتر بەشداریی لە ئاهەنگی کردنەوەی هەریەک لە جامی عەرەب و جامی کەنداو کردووە، لە یاری کۆتایی جامی جیهانی ساڵی 2022 هاوشانی چەند ئەستێرەیەکی بەنێوبانگی جیهای بەشداری لە ئاهەنگەکە کرد و گۆرانی گوت.