ڤیدیۆ؛ ئەساموا بۆ تۆڵەسەندنەوەی لە ئۆرۆگوای و سوارێز دەیەوێت بەشداری لە مۆندیالدا بکات

رووداو دیجیتاڵ

لەبەردەم رووداوێکی مێژووییدابوون بۆ هەموو کیشوەری ئەفریقیا، ساڵی 2010 و مۆندیالی باشووری ئەفریقیا بوو.. قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە بوو، ئەوکات  هەموو ئەفریقیا چاوەڕێی ئەساموا جیان و هاوڕێکانی بوون بۆئەوەی ئەوان ببنە یەکەم نوێنەری کیشوەرەکە بگاتە چوارگۆشەی زێڕینی مۆندیال و ئەوەش ببێتە دەستکەوتێک تا هەتایە مێژوو شانازی پێوە بکات.
 
لەو ساتە مێژووییەدا، غاناییەکان بەپێشەوایەتی ئەساموا جیان، بەرامبەر ئۆرۆگوای سەرسەخاتەن دەجەنگان، ئەوان لە کاتی ئاسایی یارییەکەدا بەیەکسانبوون بەگۆڵێک لە رکابەریکردن بەردەوامبوون، لە گێمە زیادکراوەکاندا هەمان سیناریۆی یەکسانبوون بەردەوامبوو، لە دوا خولەکەکانی گێمی دووەمی یارییەکەدا، غانا بەهۆی بەدەستگرتنەوەی تۆپێکەوە لەلایەن لویس سوارێز، لێدانێکی سزا و کردنە دەرەوەی راستەوخۆی بەدەستهێنا، ئیدی ئەوکات دەبوو مێژوو بەدیوێکی دیکەدا بنووسرێتەوە، غانا تاکە هەڵبژاردەی ئەفریقیا بێت بگاتە چوارگۆشەی زێڕین.. بەڵام ئەساموا جیان کە هاوکات کاپتنی هەڵبژاردەکەش بوو، ئەو مێژووەی رەتکردەوە، لێدانە سزاکەی جێبەجێکرد لە خولەکی 122دا، بەڵام گۆڵی نەکرد و لێدانەکەی بەر ستوونی گۆڵ کەوت.. ئەوە خەونی هەموو ئەفریقیای کردە بڵقی سەرئاو، چونکە لە لێدانە یەکلاکەرەوەکاندا، غانا دۆڕا و ئۆرگوای گەیشتە قۆناخی داهاتوو.
 
ئەمساڵیش هەڵبژاردەی غانا یەکێکە لە نوێنەرەکانی ئەفریقیا لە مۆندیالدا.. لە گرووپی هەشتەم لەگەڵ هەریەک لە هەڵبژاردەکانی پۆرتوگال، کۆریای باشوور و ئۆرۆگوایدا هەوڵی بەدەستهێنانی بلیتێکی قۆناخی شانزەی پاڵەوانێتییەکە دەدات.
 
ئەساموا جیان کە ماوەی دوو ساڵی رێکە یارینەکردووە، بەڵام وەکخۆی دەڵێ بەیەکجاری وازی لە یاری نەهێناوە، بەئومێدی تۆڵەکردنەوە لە ئۆرۆگواییەکان و دەستکاریکردنی مێژوو، بڕیاریداوە بگەڕێتەوە ریزەکانی هەڵبژاردەی غانا و لەگەڵیاندا بەشداری لە مۆندیالی 2022ی قەتەردا بکات.
 
ئەساموا لە زۆر بۆنە و شوێنی جیاوازدا وەک گۆرانیبێژێک دەردەکەوێت....
 
ئەساموا بەنیازی سوپرایزێک بۆ هەموو جیهان، ئێستا دەستی بەمەشقکردووەتەوە، لە کاتێکدا لەدوا کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەیەوە لەگەڵ یانەی لیگۆن سیتیزی گانایی یاری نەکردووە، ئەو گووتوویەتی، تەنیا پێویستم بەبەدەستهێنانەوەی توانای جەستەییمە، لەبەرئەوە دەستمکردووەتەوە بەمەشق و چاوەڕێدەکەم بزانم جەستەم چۆن مامەڵە لەگەڵ بڕیاری گەڕانەوەدا دەدات.
 
ئەساموا خەونەکەی خۆی بۆ دەرکەوتن لەگەڵ هەڵبژاردەی غانا بەتەمەنی 36 ساڵییەوە بە ئاسایی ناودەبات، نموونە بە رۆجێ مێلا دەهێنیێتەوە کاتێک ئەو یاریزانە کامیرۆنییە ساڵی 1994 لە وازهێنان پاشگەزبووەوە و بەشداریی لە مۆندیالدا کرد.. ئەساموا دەڵێ من تاوەکو ئێستا وازهێنانی یەکجاریم لە تۆپی پێ رانەگەیاندووە، تەنیا ئەوەندەیە کە دوو ساڵە یاریمنەکردووە و ئێستا دەمەوێ دەستپێبکەمەوە.
 
ئەساموا گۆڵکەری مێژوویی هەڵبژاردەی غانایە بە 51 گۆڵ، گۆڵکەری کیشوەری ئەفریقیاشە لە مۆندیالدا، ئەو کە بەشداری لە مۆندیالەکانی 2006، 2010 و 2014دا کردووە، خاوەنی شەش گۆڵە.
 
هەڵبژاردەی غانا لە مۆندیالدا چاوی لە بەشدارییەکی بەهێز و سەرنجڕاکێشە، ئێستا یاریزانانی وەک تارق لامبتی، یاریزانی برایتۆن، ئینیاکی ویلیامز لە یانەی ئاتلێتیک بلباو، محەمەد سالیسۆ یاریزانی ساوسامتۆن و هەریەکە لە ستیڤان ئامبرۆسیس، پاتریک ڤاڤر و رانسفۆرد بیوا لە یانەی هامبۆرگ، هەمووان کە لە دەرەوەی وڵاتەکەیان لەدایکبوون، بڕیاریانداوە نوێنەرایەتی غانا بکەن لە مۆندیالی قەتەردا.