هاری کەین کۆتایی بە هەموو شتێک هێنا

25-08-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هاری کەین
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

هاری کەین، ئەستێرە و کاپتنی یانەی تۆتێنهام کۆتایی بە هەموو ئەو دەنگۆیانە هێنا، کە باسیان لە پەیوەندیکردنی ئەو یاریزانە بە یانەی مانچێستەر سیتی دەکرد و مانەوەی خۆی لە یانەکە دووپاتکردەوە.

کەین لە پەیامێکدا کە لەسەر تویتەر بڵاویکردووەتەوە نووسیوویەتی " زۆر بەو پێشوازییەی هاندەرانی سپێرز دڵخۆشبووم کە رۆژی یەکشەممە لێیان کردم، چەندین پەیامی پاڵپشتیی هاندەرانم لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا خوێندووەتەوە ".

هاری زیاتر نووسیوویەتی " ئەم هاوینە 100٪ لەگەڵ تۆتێنهام دەمێنمەوە، دووپاتیدەکەمەوە کە هاوکاری یانەکە دەکەم لە بەدەستهێنانی سەرکەوتن ".

ئەم پەیامەی کاپتنەکەی تۆتێنهام لەکاتێکدایە کە ماوەیەکی زۆرە ناوی ئەو یاریزانە بە یانەی مانچێستەر سیتییەوە بەستراوەتەوە و یانەکە دەستەوارەیەکی بە 120 ملیۆن یۆرۆ پێشکێشی سپێرز کردبوو، بەڵام دانیێل لیڤی، سەرۆکی یانەی تۆتێنهام دەستەوارەی یانەکەی رەتکردەوە و دووپاتیکردەوە کە هاری کەین بۆ فرۆشتن نییە.

هاری کەین پێشتر رایگەیاندبوو، دەیەوێت لەکاروانی وەرزشی خۆیدا نازناو بباتەوە، کە تاوەکو ئێستا لەگەڵ یانەکەی هیچ نازناوێکی نییە.

بەم پەیامەی هاری کەین، هەنگاوەکانی مانچێستەر سیتی بۆ گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهێزتردەبن، لەکاتێکدا میدیای بەریتانیا رایگەیاندبوو، ئەو یاریزانە بژاردەی دووەمی پاڵەوانی پرێمەرلیگ دەبێت، لە ئەگەری شکستهێنان لە گواستنەوەی کەیندا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە