خولی کوردستان هەڵوەشایەوە و هیچ یانەیەک بە پاڵەوان هەژمار ناکرێت

25-08-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خولی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەفین کانەبی، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ یانەکانی بەشدار لە خولی نایابی کوردستان، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رکابەرییەکانی وەرزی 2020-2019ـی خولی نایابی کوردستانیدا.

لە کۆی 14 یانەی بەشدار لە خولی یانە نایابەکانی کوردستان 9 یانە بەشدارییان کرد و هەمووان دەنگیان بە هەڵوەشاندنەوەی خولی تۆپی پێی کوردستان دا، بۆیە بە زۆرینەی دەنگ، کە سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان رازی نەبوو دەنگ بدات، بڕیاردرا وەرزی 2020-2019ـی خولی یانە نایابەکانی کوردستان هەڵبوەشێنرێتەوە، هەموو ئەنجامەکان بسڕدرێنەوە، کەس بە پاڵەوان دەستنیشان نەکرێت و کەسیش بۆ خولی دواوە دانەبەزێنرێت.

خولی کوردستان لە گەڕی 16 بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا راگیرا، دواتر لە 25ـی مانگی حەوتی رابردوو، 8 لە ئەندامانی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بەبێ ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتییەکە کۆبوونەوەیەکیان کرد و بە ئەنجامی 5 دەنگ بڕیاردرا خولی نایابی کوردستان هەڵبوەشێنرێتەوە و یانەی نەورۆزیش کە لە پێشەنگی ریزبەندیی بوو بە پاڵەوان دەستنیشان بکرێت، دواتر ئەو بڕیارە هەرای نایەوە.

سەفین کانەبی، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، لەو کۆبوونەوەیەدا، گوتی "ئاگاداری ئەو کۆبوونەوەیە نەبووم کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خولی کوردستانی دا". 

سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، هەروەها دووپاتیکردەوە کە ئەو هەرگیز نەیویستووە لایەنگری بۆ هیچ لایەک بکات و بڕوای وابووە کە رێز لەو بڕیارەش بگرێت کە لە کۆبوونەوەکەی 25ـی مانگی حەوتی رابردوو دراوە، بەڵام وەکخۆی گوتی "پێویستە لە بارەگای یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆببنەوە و قسە بکەین، تەنانەت لەوانەیە بڕیاری ئەو کۆبوونەوەیە دروست بێت".

لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستاندا، یانەکانی نەورۆز، شێروانە، دەربەندیخان، پێشمەرگەی سلێمانی و برایەتی بەشدارییان نەکرد.

سەفین کانەبی گلەیی ئەوەی کرد کە چەندینجار داوای لەو ئەندامانەی یەکێتییەکە کردووە بێنە بارەگای یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بۆ ئەوەی کۆببنەوە، بەڵام ئەوان نەهاتوون و گوتی "زیاتر لە پێنج جار داوام لە ئەندامانی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان کردووە بێن کۆبوونەوە بکەین، کەچی نەهاتوون. بەداخەوە ناکرێت سەرۆک داوای کۆبوونەوەکە لە ئەندامانی بکات، کەچی رەتیبکەنەوە".

ئەو ئەندامانەی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بە سەرۆکایەتی هادی کەریم، جێگری سەرۆکی یەکێتییەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دووپاتیانکردەوە کە ئەو بڕیارەی داویانە یاسایی بووە و بڕیارەکە بەهیچ شێوەیەک هەڵناوەشێنرێتەوە، دووپاتیشیان کردەوە کە ئامادەنین بەشداری لە هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکەدا بکەن.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان کە لە کۆی 14 یانەی کوردستان نوێنەری 9 یانە بەشداریان تێداکرد، هەر 9 یانەی بەشدار لە کۆبوونەوەکە دەنگیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولەکە دا و دواتر کرایە بڕیار، کە بەفەرمی خولەکە هەڵوەشێنرایەوە.

فەرەیدوون ساڵح، جێگری سەرۆکی یانەی سیروانی نوێ، لەبارەی ئەو بڕیارەوە گوتی "پێویستە ئەو خولە هەڵبوەشێنرێتەوە و نابێ کەس نیگەران بێت، چونکە بارودۆخەکە گشتییە و هەموو جیهانی گرتووەتەوە، نابێ پاڵەوان هەبێت".

سەفین کانەبی، گلەیی ئەوەی کرد کە هەندێک لە ئەندامانی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا وشەی ئەوان و ئێمەیان بەکارهێناوە و گوتی "بەداخەوە کە هەندێک لە هاوڕێیانمان وشەی ئەوان و ئێمەیان بەکارهێناوە، من هەرگیز وەک ئەوان ئەو وشانە بەکارناهێنم".

تاریق عەبدوڵڕەحمان، ئەستێرەی پێشووی یانەی هەولێریش، گوتی "رێگە بە کەس نادەین ئەم بارودۆخە بقۆزێتەوە و دووبەرەکی و ناکۆکی بخاتە نێو شارەکان، ئێمە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجەمان خۆش دەوێت".

سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، نیگەرانی خۆیشی لەبارەی ئەوە نیشاندا کە یەکێتییەکەیان لەبارەی ئەو پرسەوە کارێکی باشیان نەکردووە و وەرزشوانانیان بێئومێد کردووە و گوتی "سەد هەزارجار داوای لێبوردن لە وەرزشوانان و هەموو یاریزانان دەکەم، دەبووایە ئەو هەشت ئەندامەی یەکێتییەکەمانیش داوای لێبوردن لە هەمووان بکەن و نەهێڵن وەرزشوانان بێئومێدبن".

کانەبی هەروەها گوتی "نازانم لەمەودوا بە چ روویەکەوە قسە بۆ یانەکان و یاریزانەکانمان دەکەینەوە".

لە کۆتاییدا بڕیاردرا لە 1ـی مانگی 11 کۆبوونەوەیەکی دیکە بکەن بۆ قسەکردن لەسەر وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە