ڤیدیۆ؛ ناپۆلی و فیۆرێنتینا جوانترین دەستپێکیان پێشکەشی هەوادارانی سێریا ئەی کرد

25-08-2019
سه‌فین ته‌ها @safintaha
نیشانەکردن ئیتالیا
A+ A-

رووداو-هەولێر
 
یەکەم هەفتەی خولی ئیتالیایە و هەمووان رکابەریی یەکدی دەکەن بۆ پێشگرتن لە پاوانخوازییەکانی یوڤێنتوسی پاڵەوانی 8 وەرزی رابردوو، ئەو تیپەی کە بەم دواییە بەتەنیا شەڕی یوڤێی دەکرد کە مەبەستمان ناپۆلییە، لە یەکەم یاری ئەم وەرزەیدا زۆر بە زەحمەت لە فیۆرینتینای بردەوە.

یارییەکە لە فلۆرێنسا کرا، هەرزوو کەرنەڤاڵی گۆڵکردن دەستیپێکرد، دوای ئەوەی لە خولەکی 9 ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ ڤیۆلا هەژمارکرد و ئیریک پولگار گۆڵی یەکەمی کرد.

ئەم یارییە حەوت گۆڵی لە هەگبەدابوو، کە بە دەگمەن لە خولی ئیتالیا ئەوشتە روودەدات، وەڵامی ناپۆلی نیو کاژێری پێچوو، کاتێک درایس مێرتینزی بەلجیکی بە لێدانێکی جوان ئەنجامەکەی راست کردەوە.
 
چەند خولەکێک دوای ئەو گۆڵە، مێرتینزی فێڵباز فێڵی لە ڤار و ناوبژیوانیش کرد و لێدانێکی سزای نادروستی بەدەستهێنا و لۆرێنزۆ ئینسینی گۆڵی دووەمی پارتینۆپێی کرد.

7 خولەک بەسەر دەستپێکی نیوەی دووەمدا رۆیشت، کاتێک نیکۆلا میلیکۆڤیچ گۆڵی یەکسانبوونەوەی بۆ فیۆرێنتینا بە لێدانی سەر تۆمارکرد، بەڵام کاییخۆن وەڵامێکی خێراتر لە برووسکەی هەبوو، کاتێک گۆڵی سێیەمی یانەکەی لە دوای سێ خولەک لەو گۆڵەی ڤیۆلا تۆمارکرد، بواتینگ هاتە نێو یاریگە و هەر لەگەڵ وەرگرتنی تۆپدا گۆڵی سێیەم و یەکسان کردنەوەی ئەنجامەکەی تۆمارکرد، کەچی پاش یەک خولەک لەو گۆڵە، لۆرێنزۆ ئینسینی دووەم گۆڵی خۆی و چوارەمی یانەکەی کرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە