رووداو نوێترین زانیاری لەبارەی داهاتووی رێوان ئەمینەوە ئاشکرا دەکات

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رێوان ئەمین گواستنەوەی یاریزانان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

داهاتووی رێوان ئەمین، یاریزانی کوردی یانەی دهۆک لەگەڵ یانەکە دیارنییە و چەند یانەیەک لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوە رکابەری لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە دەکەن.
 
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی دێسکی وەرزشی تۆڕی میدیایی رووداو، هەریەکە لە یانەکانی شورتە، زەورا، تەڵەبە، گەرمە و مینا لەسەر ئاستی عێراق و رەفسنجانی ئێرانی رکابەری لەسەر گواستنەوەی رێوان ئەمین دەکەن.
 
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو، یانەی شورتە 250 ملیۆن دینار و یانەی گەرمە 350 ملیۆن دیناریان پێشکێشکردووە بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ ئەو ئەستێرە کوردە بکەن.
 
بڕیارە ئەمڕۆ باوکی رێوان ئەمین، کە بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکەی لەگەڵ سەرۆکی یانەی دهۆک کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی داهاتووی یاریزانەکە یەکلابکەنەوە و پێش ئەوەی بڕیاری رۆیشتن لە یانەکە بدەن، قسەی یانەی دهۆک وەربگرن.
 
رووداو زانیوویەتی، رێوان ئەمین ئامادەیە بە 100 ملیۆن کەمتر لەو پارەیەی پێشکێشیکراوە یاری بۆ یانەی دهۆک بکات و لەو یانەیە بمێنێتەوە، بەڵام پێویستە لەگەڵ یانەکە بگاتە رێککەوتن.
 
یانەی شورتە سوورە لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە و دەیەوێت دووەم یاریزانی کورد لەم هاوینەدا لە دوای ئاکام هاشمەوە بباتە ریزەکانی یانەکەی.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە رێوان ئەمین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "یانەی هەولێر بەشێوەی زارەکی پرسیاری رێوان ئەمینی کردووە و ویستی خۆی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانەکە پێشانداوە، بەڵام هیچ گفتوگۆیەکی فەرمی لەنێوان هەردوولادا نەکراوە."
 
رێوان ئەمین، ئەستێرەیەکی دیاری کوردە، پێشتر بۆ هەڵبژاردەی لاوانی هۆڵەندا، هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق، یانەکانی هێرنڤینی هۆڵەندی لەسەر ئاستی لاوان، دالکورد و ئۆسترشۆندی سوێدی یارییکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە