120 سەرکردەی جیهان بەشداری لە ئاهەنگی کردنەوەی ئۆڵۆمپیادی پاریسدا دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە ئێوارەی رۆژی هەینی 26ـی تەممووز، لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، ئاهەنگی دەستپێکی 33مین یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی هاوینە بەڕێوەبچێت و بەگوێرەی رێکخرانی ئەو رێوڕەسمەش، چاوەڕێ دەکرێت، لانیکەم 120 شا، سەرۆک وڵات و سەرۆکوەزیرانی وڵاتان ئامادەی ئاهەنگەکە بن.
 
یەکەمجارە لە مێژووی ئۆڵۆمپیاددا ئاهەنگی دەستپێک و کردنەوەی ئۆڵۆمپیاد، لە دەرەوەی یاریگاکان بکرێت، کە بڕیارە لە کەنار رووباری سین بەڕێوەبچێت، کە بە نێوەڕاستی شارەکەدا تێدەپەڕێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو سەرکردە دیارانەی بەشداری ئاهەنگی دەستپێکی ئۆڵۆمپیادی پاریس دەکەن، بریتین لە؛ شا چارلیسی سێیەم، شای بەریتانیا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ئۆلاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆکی ئیتاڵیا، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر، کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان و جیڵ بایدن، خانمی یەکەمی ئەمریکا. 
 
بەگوێرەی رێکخەرانی ئۆڵۆمپیادی پاریس، لە کاتی ناساندنی وەرزشڤانانی سەرجەم وڵاتان، کە لە رابردوودا، دەهاتنە نێو یاریگاکانەوە، ئەمساڵ لەنێو بەلەمدا دەبن و بەنێو رووباری سیندا تێپەڕدەبن. 
 
چاوەڕێ دەکرێت میوانداریکردنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی 2024 لەلایەن فەرەنساوە 9 ملیار دۆلاری تێبچێت. بۆ ئەو مەبەستەش 100 بەلەم ئامادە کراون بۆ گواستنەوەی زیاتر لە 10 هەزار و 500 وەرزشڤانی کچ و کوڕی بەشداربوو، کە نوێنەرایەتی 206 وڵات و گەلی جیاوازی جیهان لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاددا دەکەن. 
 
رێکخەرانی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس رایانگەیاندووە چاوەڕێ دەکەن 1.5 ملیار کەس  لە رێگەی تیڤییەکانەوە لە سەرانسەری جیهان بینەری ئاهەنگەکە بن. 
 
چاوەڕێ دەکرێت زیاتر لە 350 هەزار کەس ئامادەی ئاهەنگەکە و لە کەنار رووبارەکە بینەری رێوڕەسمەکە بن کە درێژییەکەی 6 کیلۆمەترە لەنێوەڕاستی شاری پاریس. 
 
ئاهەنگەکە بڕیارە کاژێر 08:30ـی ئێوارە بەکاتی هەولێر بەڕێوەبچێت و تاوەکو نیوەی شەو بەردەوام دەبێت.
 
یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس، سبەی 26ـی7ـی2024 دەستپێدەکەن و تاوەکو 16ـی ئاب بەردەوام دەبن. 
 
بۆ کۆنترۆلکردنی دۆخی ئەمنی و پاراستنی شارەکە، حکومەتی فەرەنسا، 35 هەزار پۆلیس و 20 هەزار سەربازی بەنێو شارەکەدا بڵاوەپێکردووە، ئەمە جگە لەوەی دوو هەزار پۆلیسی دیکە لە وڵاتانی دیکەوە رەوانەکراون بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی پۆلیسی پاریس.