ڤیدیۆ؛ خانمە وەرزشوانێک بەهۆی ئەشکەنجەدانی ئەسپەکەی لە ئۆڵۆمپیاد دوورخرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

دوای ئەوەی فلۆرێنتینا یۆسکو، خانمە وەرزشکاری رۆمانی لە یاریی بازدانی دوور، بووە یەکەم وەرزشوان کە بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024 دووربخرێتەوە، بەهۆی بەکارهێنانی ماددە وزەبەخشە قەدەخەکراوەکان، خانمە سوارچاکێکی بەریتانیش بووە دووەم خانمە وەرزشوان کە لە ئۆڵۆمپیاد دووربخرێتەوە، بەڵام ئەمەیان بە هۆکارێکی سەیرتر و نامۆتر.
 
شارلۆت دوجاردین، خانمە سوارچاکی بەریتانی، بە تۆمەتی "ئەشکەنجەدانی ئەسپەکەی" لە ئۆڵۆمپیاد بێبەشکرا و رێگری لێکرا لە بەدەستهێنانی ژمارەیەکی پێوانەیی مێژوویی لە ئۆڵۆمپیاددا.
 
جیهان سەرسام بوو بەبڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی شارلۆت دوجاردینی خانمە پاڵەوانی ئۆڵۆمپی بەریتانی، کە تێیدا دەردەکەوێت بە قامچی ئەشکەنجەی ئەسپەکەی دەدات. 
 
بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە، وایکرد فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی سوارچاکی دەستوەردان بکات و بۆ ماوەی 6 مانگ سڕکردنی ئەو خانمە وەرزشوانە رابگەیێنێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە ناتوانێت بەشداری لە ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024ـدا بکات، کە هیوای دەخواست ببێتە خاوەنی زۆرترین میدالیای ئۆڵۆمپی لە نێو سەرجەم خانمە وەرزشوانانی بەریتانیا.
 
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە دوجاردین چەندجارێک قامچی بەکاردەهێنێت بۆ لێدانی قاچی ئەسپەکە لە میانی مەشقێکدا کە پێدەچێت ئامادەکاری بێت بۆ ئۆڵۆمپیاد.
 
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی سوارچاکی، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاندووە، رەفتارەکەی دوجاردین پێچەوانەی "بنەماکانی بەخێوکردنی ئەسپ" بوو، کە بەهیچ شێوەیەک و هیچ پاساوێک نابێت ئەشکەنجەی ئاژەڵ بدرێت.
 
لە بەرامبەردا شارلۆت دوجاردین کشانەوەی خۆی لە ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024 راگەیاند، لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەڤانی باس لەوە دەکەن کە مێژووی ئەو ڤیدیۆیە بۆ ماوەی چەند ساڵێک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
 
دوجاردین لە لێدوانەکەیدا، رایگەیاند "ئەو گرتە ڤیدیۆیە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چوار ساڵ لەمەوبەر، کە دەریدەخات لە کاتی مەشقکردندا هەڵەیەکم کردووە، بەڵام ئەوەی روویدا بەتەواوی لە رەفتار و سروشتی من ناوەشێتەوە، و رەنگدانەوەی شێوازی راهێنانی ئەسپەکانم نییە، بەڵام هیچ بیانوویەکم نییە، هەست بە شەرمەزاری دەکەم. دەبوو لەو ساتەدا نموونەیەکی باشتربم".
 
دوجاردین، بەبردنەوەی هەر میدالیاییەک لە پاریس، دەیتوانی ریکۆردێکی مێژوویی لە ئۆڵۆمپیاددا بشکێنێت، کە ئێستا بەهاوبەشی لەگەڵ  لۆرا کێنی خاوەنیەتی و هەردووکیان بە بردنەوەی 6 میدالیای ئۆڵۆمپی لەنێو سەرجەم خانمە وەرزشوانانی بەریتانیادا زۆرترین میدالیای ئۆڵۆمپییان بەدەستهێناوە.
 
دوجاردین، لە ئۆڵۆمپیادەکانی لەندەن، ریۆ و تۆکیۆدا، سێ میدالیای زێڕ، میدالیایەکی زیو و دوو میدالیای برۆنزی بەدەستهێناوە.