هۆکارەکانی شەڕی نێوان فلۆرێنتینۆ پێرێز و خاڤیێر تێباس

رووداو دیجیتاڵ

ململانێکان لەنێوان فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و خاڤیێر تێباس، سەرۆکی لالیگا سەریهەڵداوە، و گەیشتووەتە قۆناخی ئاڵوگۆڕی تۆمەتەکان. لە کاتێکدا هەواڵی دوورخستنەوەی تێباس لە پۆستەکەی لە ئارادایە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، ئاماژەیان بەوە کردووە، تێباس رووبەڕووی مەترسیی سڕکردن دەبێتەوە لەلایەن دادگای کارگێڕێی وەرزشەوە، دوای ئەوەی لەلایەن کارگێڕیی یانەی ریال مەدریدەوە سکاڵای لەسەر تۆمارکرا.
 
شەڕی نێوان پێرێز و تێباس گەیشتووەتە قۆناخی تۆمەت بەخشینەوە و لێدوانی ئاگرین لە دژی یەکدی، کە ناوەندەکانی تۆپی پێی نەک تەنیا لە ئیسپانیا، بەڵکو لە سەرانسەری جیهانەوە بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
 
پرسیار ئەوەیە ئایا هۆکارەکانی شەڕی تووندی نێوان پێرێس و تێباس چین؟ کە بەپێی چەند بەدواداچوونێکی رۆژنامەڤانی، ئەمانەن:
 
گرێبەستی CVC
 
هۆکاری سەرەکی ناکۆکییەکانی نێوان پێرێز و تێباس گرێبەستێکە کە لالیگا دەیەوێت لەگەڵ سندوقی وەبەرهێنانی ئەمریکی سی ڤی سی ئەنجامی بدات بۆ فرۆشتنی مافەکانی خولی ئیسپانیا.
 
بەپێی گرێبەستەکە مافەکانی لالیگا بۆ ماوەی 50 ساڵی داهاتوو بەبڕی 2.7 ملیار یۆرۆ دەفرۆشرێن، بەمەرجی ئەوەی سندوقی وەبەرهێنانی ئەمریکی 10%ـی مافی پەخشی تەلەڤزیۆنی لە هەر تیپێک وەردەگرێت.
 
لە مانگی ئابی 2021 لالیگا گرێبەستەکەی پەسەند کرد، سەرەڕای رەتکردنەوەی لەلایەن هەرسێ یانەی ریال مەدرید، بارسێلۆنا و ئاتلێتیک بیلباو.
 
لە بەرامبەر ئەم پارانەدا، ئەو یانانەی بەشدارن لە لالیگادا، دەتوانن 70%ـی ئەو داهاتەی لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا وەریدەگرن، بۆ کارەکانی پەیوەست بە گەشەپێدانیان تەرخان بکەن، جا چ لە ژێرخانی وەرزشی یان داهێنانی تەکنیکی بێت، و دەتوانن تاوەکو 15% بۆ  گرێبەستی یاریزانان تەرخان بکەن، و 15% بۆ دانەوەی قەرزەکانیان.
 
رێگری لە ریال مەدرید
 
ریال مەدرید بە روونی ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بەم پڕۆژەیە، تەنانەت سکاڵای لەسەر تێباس تۆمارکرد بە تۆمەتی ساختەکاری و بەڕێوەبردنی نادادپەروەرانە.
 
فلۆرێنتینۆ پێرێز رەتکردنەوەی رەهای خۆی بۆ ئەم گرێبەستە نیشاندا، چونکە بەهای مافی پەخشی تەلەڤزیۆنیی یانەکەی کەمدەکاتەوە.
 
لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، لێدوانێکی ئاگرینی لە دژی سەرۆکی لالیگا دا و بەوە تۆمەتباری کرد کە راستەوخۆ دژی یانەکەی کاردەکات.
 
پێرێز لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی لالیگادا رایگەیاند، ئەوەی روودەدات هەموو ئەو کردەوانەن کە یەک ئامانجیان هەیە، ئەویش هێرشکردنە سەر سەروەت و سامانی دارایی یانەکەمانە، ئەوان دەیانەوێت دەست بەسەر 11%ـی مافە بینراو و بیستراوەکانمان بگرن لە 50 ساڵی داهاتوودا و دواتر هەوڵبدەن یاسای وەرزش بگۆڕن بۆ ئەوەی سەرۆکەکان دووربخرێنەوە.
 
هێرشی تێباس
 
خاڤیێر تێباس وەڵامی هێرشەکەی ریال مەدرید و مەترسی دوورکەوتنەوە لە سەرۆکایەتی لالیگای دایەوە. بەهۆی ئەو سکاڵایەی کە یانە زەبەلاحەکەی مەدرید لەدژی تۆمارکردووە.
 
تێباس لە رێگەی ئەکاونتەکەیەوە لەسەر پلاتفۆرمی “X” نووسیویەتی "ئەوەی سەرۆکی ریال مەدرید بەدوایدا دەگەڕێت لەو سکاڵایەی کە پێشکەش کراوە، ناهێتەدی و هەموو ئەوانە نایبینن کە پێیانوایە من سڕ دەکرێم".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "پێرێز کە هێشتا شکستخواردووە لە رازیکردنی یانەکانی ئیسپانیا یان ئەورووپا بە پڕۆژەی خولی سوپەر، هەوڵدەدات رێگەی دیکە بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی هەوڵی دوورخستنەوەی من وەک کەسێکی هەڵبژێردراوی دیموکراسی بدات".
 
لە کۆتاییدا، سەرۆکی لالیگا، گوتی "ئێمە بەردەوام دەبین لە شەڕکردن بۆ تۆپی پێی پیشەگەرانەی ئیسپانیا، سەرەڕای ئەوەی هەندێک نایانەوێت ئێمە لە دژی سوپەرلیگ شەڕ بکەین، دژی مۆدێلی تێگەیشتنی تۆپی پێ و دژی کاریگەرییەکانی لەسەر ئاستە گرنگەکانی حکومەتی ئیسپانیا".
 
پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا شەڕی تووندی نێوان فلۆرێنتینۆ پێرێز و خاڤیێر تێباس، تاوەکو کەی درێژە دەکێشێت و ئایا لە کۆتاییدا کامیان سەرکەوتوو دەبێت و کامیان لە بەرامبەر ئەوەی دیکەدا خۆی بەدەستەوە دەدات.