کەس کوڕەکەی زیدانی ناوێت

رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئیسپانیا ئاشکرایکردووە کە پێشهاتی نوێ هەیە سەبارەت بە داهاتووی ئینزۆ زیدانی کوڕی زینەدین زیدانی ئەفسانەی تۆپی پێی فەرەنسا.
 
ئینزۆ تەمەنی 29 ساڵە، بەڵام سەرەڕای ئەو چاوەڕوانی و هیوا زۆرەی کە لەسەری دانرابوو، یاریزانە فەرەنسییەکە نەیتوانی ئاستی پێویست پێشکەش بکات و رێچکەی باوکی بگرێت.
 
ئینزۆ لە ریال مەدریدەوە پێگەیشت پێش ئەوەی ریزەکانی تیپی شاهانە بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی بەدوای هەلی یاریکردندا بگەڕێت.
 
کوڕەکەی زیدان بۆ چەند یانەیەکی ئیسپانیا یاری کردووە، لەسەرووشیانەوە دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس، بەڵام یاریزانەکەی هێڵی ناوەڕاست نەیتونای ئاستێکی باش پێشکەش بکات.
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، بڵاویکردەوە "ئینزۆ، کە لەدایکبووی شاری بۆردۆیە، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی هێشتا 29 ساڵە، بەڵام بەجددی بیر لە وازهێنانی هەمیشەیی لە یاریکردن دەکاتەوە".
 
ماوەی زیاتر لە ساڵێکە ئینزۆ زیدان بێ یانەیە و کەس نایەوێت گرێبەستی لەگەڵ بکات، چونکە ئاستەکەی بەجۆرێک دابەزیوە کە پێشتر لە خولە ئاست نزمەکانی وەک خولی سویسرا یاری کردووە. هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە زیدان لاری نییە لەوەی کوڕەکەی واز لە یاریکردن بێنێت و پێیگوتووە "ئەو بڕیارێکی کەسییە و تایبەتە بەخۆت و ئازادی لەوەی واز لە یاریکردن بێنی".
 
هەروەها ئەو کوڕەی زیدان لە خولی پۆرتوگالی و خولی فەرەنسیش یاریی کردووە و لە لیگاشدا ماوەیەک لەگەڵ تیپی یەکەمی ریال مەدرید یاری کردووە و تەنیا گۆڵێکی تۆمارکردووە.
 
یەکەم بەشداریکردنی ئینزۆ لەگەڵ تیپی یەکەمی ریال مەدرید هەشت ساڵ لەمەوبەر بوو لە جامی شای ئیسپانیا.