کاردانەوەکانی رووداوی یارییەکەی ئەرجەنتین و مەغریب

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئۆڵۆمپیادی پاریس ئەرجەنتین مەغریب
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خاڤێر ماسکێرانۆ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی ئەرجەنتینی، نیگەرانی خۆی بەرامبەر ئەو رووداوانە پێشاندا کە لە یارییەکەیان بەرامبەر مەغریب روویدا و دەڵێت "هەرگیز شتی لەم شێوەیەم نەبینیووە."
 
لە خولەکی 106 هەڵبژاردەی ئەرجەنتین گۆڵی یەکسانبوونی لە یارییەکەدا تۆمارکرد و ئەنجامەکە بووە 2- بۆ هەرلایەک، دوای ئەوە ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی هەڵبژاردەی مەغریب رژانە نێو یاریگە و یارییەکە ماوەیەکی زۆر راگیرا.
 
دوای گۆڵەکەی ئەرجەنتین ناوبژیوان فیکەی لێدا، هاندەرانی مەغریب وایانزانی یارییەکە تەواو بوو و رژانە نێو یاریگە، ئەرجەنتییەکانیش ئاهەنگی یەکسانبوونەوەیان گێڕا، بەڵام بەهۆی هاتنە ناوەوەی هاندەرانی مەغریب یارییەکە نزیکەی دوو کاژێر راگیرا.
 
دوای ماوەیەکی زۆر لە چاوەڕوانی و یەکلاکردنەوەی چارەنووسی یارییەکە، یاریزانانی هەردوولا گەڕانەوە، ناوبژیوان گەڕایەوە بۆ ڤار و گۆڵەکەی ئەرجەنتین رەتکرایەوە، بەمشێوەیە یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بۆ مەغریب کۆتاییهات.
 
خاڤێر ماسکێرانۆ لەو بارەیەوە گوتی "لە ژیانی وەرزشیمدا سێرکێکی لەمشێوەیەم نەبینیووە."
 
راهێنەری ئەرجەنتین زیاتر گوتی "ئەگەر ئەمە ئێمە بووینایە هەڵوێستەکان چۆن دەبوون."
 
رووداوەکە کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئەرجەنتین، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین لەلایەن لیژنەی ئۆڵۆمپی جیهان سکاڵا تۆماردەکات و پێی وایە ئەوەی روویداوە لە دەرەوەی یاسایە.
 
لەبارەی ئەم رووداوەوە، لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی بەنێوبانگی ئەرجەنتینی پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی "ئەمە باوەڕپێنەکراوە."
 
ئەشرەف حەکیمی، ئەستێرەی هەڵبژاردەی مەغریب، رەخنە لە شێوازی مامەڵەی هاندەرانی هەڵبژاردەکەی دەگرێت و دەڵێت "ئەوەی هاندەرانی ئێمە کردیان، شایەنی ناوبانگی مەغریب نەبوو."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە