ئیلکای گوندۆگان: لە ئێمباپێ ناترسم

25-07-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئیلکای گوندۆگان کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئیلکای گۆندۆگان، ئەستێرەی ئەڵمانی، یاریزانی نوێی یانەی بارسێلۆنا، رایگەیاند لە هاتنی کیلیان ئێمباپێ بۆ ریزەکانی ریال مەدرید ناترسێت، گوتیشی "تەنیا لیۆنێل مێسی و ئێرلینگ هالاند بەربژێرن بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر. لە راستیدا هەردووکیان شایەنی باڵۆن دۆرن".
 
گوندۆگان باسی لە دیدی خۆی کرد سەبارەت بە رکابەریکردنی ریال مەدرید لەلایەن بارسێلۆناوە لەسەر نازناوی لالیگا کرد و گوتی "ریال مەدرید رکابەری سەرەکی بارسێلۆنایە لە لالیگادا".
 
کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا، کە ئایا ریال مەدرید تاکە رکابەری بارسایە بۆ خولی ئیسپانیا؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "لەسەر کاخەز لەوانەیە ریال مەدرید گەورەترین رکابەری بارسا بێت".
 
ئەو زیاتر گوتی "بە ئەزموونی من تەنانەت ئەو تیپانەی کە بە بچووکتر دادەنرێن دەتوانن زۆر مەترسیدار بن و ئازارت بدەن، لەگەڵ هاوڕێکانم قسەم کردووە لەسەر هەندێک یاری سەخت لە دەرەوەی یاریگەکەماندا، پێموایە رکابەرییەکی بەهێز لەسەر نازناوەکە دەبێت، بەدڵنیاییەوە خولەکە ورووژێنەر دەبێت.
 
یاریزانی ئەڵمانی، کە ئەم هاوینە ریزەکانی یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی بەرەو بارسێلۆنای ئیسپانی جێهێشت، لە لێدوانەکانیدا بۆ میدیاکانی ئیسپانیا، سەبارەت بە باڵۆن دۆریش قسەی کرد و  گوتی "تەنیا لیۆنێل مێسی و ئێرلینگ هالاند بەربژێری راستەقینەی بردنەوەی باڵۆن دۆرن، لە راستیدا هەردووکیان شایستەی خەڵاتەکەن".
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، کە ئایا خراپترین یاریگە کامەیە کە پێتگوتراوە بچیتە ئەوێ؟ ئیلکای گوتی "پێیانگوتم کە لەم ساڵانەی دواییدا هەمیشە لەسەر یاریگەی سێلتاڤیگۆ ئازاریان چەشتووە، یارییەکانی قورسن. هەروەها رایۆ ڤالییکانۆ، یاریگایەکی بچووک و زۆر زەحمەتە".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، گوندوگان باسی ئەگەری هاتنی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسیش بۆ ریزەکانی ریال مەدریدی رکابەریان کرد و گوتی "راشکاوانە بڵێم من لە گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید ناترسم. نابێت نیگەران بین، هەروەها بوونی باشترین یاریزانەکان لە لالیگادا سەرنجڕاکێشتر و ورووژێنەرتر دەبێت".
 
لە کۆتاییدا گوتی "حەزم لە رکابەریکردنە لەگەڵ باشترینەکانی جیهان، بێگومان ریال مەدرید تیپێکی بەهێزی دەبێت، بەڵام هەموو ساڵێک بەو شێوەیەن، چەند ساڵێک لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەریان یاریم کردووە، بۆیە راهاتووم لەسەر ئەوە، یاریکردن بەرامبەر باشترین تیپەکان چێژبەخشە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە