رۆناڵدۆ و نەیمار رووبەڕووی یەکدەبنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی و نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی رووبەڕووی یەکدەبنەوە، کاتێک هەردوو یانە لە یارییەکی دۆستانەدا بەرامبەر یەکدی یارییدەکەن.
 
یارییەکە لە چوارچێوەی کەمپی مەشق و راهێنانەکانی هەردوو یانە لە ژاپۆن بەڕێوەدەچێت و کاژێر 13:20 لەسەر یاریگەی ناجای دەکرێت، کە یاریگەکە 47 هەزار هاندەر تێیدا دەتوانن سەیری یارییەکە بکەن.
 
یانەی پاریس سانجێرمان ئەمە یەکەم یاریی دۆستانەی ئامادەکارییەتی لە دەرەوەی فەرەنسا، بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ وەرزی داهاتوو، ئەوەی بۆ هەمووان جێگەی سەرنجیشە، دوورخستنەوەی کیلیان ئێمباپێیە بەهۆی ئەوەی کە کارگێڕیی یانەکە دەیەوێت ئەستێرە فەرەنسییەکە لەم هاوینەدا لە یانەکە بڕوات، بۆ ئەوەی لە بەرامبەر رۆیشتنیدا یانەکە پارەی دەستبکەوێت، بەڵام ئێمباپێ ئامادەنییە بڕوات.
 
لەلایەکی دیکەوە یانەی نەسڕ ماوەیەکی زۆرە خۆی بۆ رکابەرییەکانی وەرزی نوێی خولی سعودی ئامادەدەکات، لە پۆرتوگال چەند یارییەکی دۆستانەی ئەنجامدا، کە دوایین دوو یاریی بەرامبەر سێلتا ڤیگۆی ئیسپانی و بێنفیکای پۆرتوگالی بوو و هەردوو یارییەکەی دۆڕاند.
 
دوای ئەم یارییە پاریس سانجێرمان بەرامبەر سێریزۆ ئۆساکای ژاپۆنی یارییدەکات و نەسڕی سعودیش بەرامبەر ئینتەرمیلانی ئیتاڵی کە ئەو دوو یارییەش هەر لە ژاپۆن دەکرێن.