چاڤی هێرناندێز تووشی کۆرۆنا بوو

رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، ئەستێرە و کاپتنی پێشووی یانەی بارسێلۆنا و راهێنەری ئێستای یانەی سەددی قەتەری تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو.

چاڤی لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا بۆ ماڵپەری فەرمی یانەی سەدد گوتی، لە یارییەکەی ئەمڕۆیاندا بەرامبەر ئەلخۆر، لە دەستپێکی گەڕانەوەی رکابەرییەکانی خولی قەتەردا ئامادەنابێت، بەهۆی ئەوەی دوای ئەنجامدانی پشکنینەکان و جێبەجێکردنی پرۆتۆکۆڵی تایبەت بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی قەتەر، دەرکەوت کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

راهێنەرە ئیسپانییەکە زیاتر گوتی، تەندروستی من باشە، بەڵام دەبێت لە ماڵەوە بمێنمەوە تاوەکو بتوانم جارێکی دیکە بگەڕێمەوە سەر کارەکەم، سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم لە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی، سوپاسی دامەزراوەی تایبەت بە خولی ئەستێرەکانی قەتەر، فیدراسیۆنی تۆپی پێ و یانەی سەدد دەکەم بۆ پاڵشتیکردنیان لە من و هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکدا و بەشێوەیەکی ئاسایی دەست بە کارکردن بکەمەوە.

تووشبوونی چاڤی لە کاتێکدایە، رکابەرییەکانی خولی قەتەر دەستیانپێکردووەتەوە و ئەمڕۆ ئێوارە، یانەکەی بەرامبەر یانەی ئەلخۆر یارییدەکات، بەڵام لە جێگەی ئەو دەیڤد پراتس، راهێنەری تیپی دووەمی یانەکە سەرپەرشتی یانەکە دەکات.

چاڤی هێرناندێز، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی سەدد نوێکردەوە، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتووش سەرپەرشتی مەشقەکانی یانەکە بکات.