چارەنووسی خولی کوردستان یەکلاییدەکرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو رایگەیاند، ئەمڕۆ لە شاری هەولێر بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسی خولی نایابی کوردستان کۆدەبنەوە.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ماوەی زیاتر لە چوار مانگە یارییەکانی خولی نایابی کوردستان وەستاوە، هێشتا دیار نییە یارییەکانی هەڵدەوەشێندرێتەوە یان یەکێتی تۆپی پێیی کوردستان یارییەکانی جارێکی دیکە بەڕێوەدەبات.

کرێکار زرار، ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان لە بارەی کۆبوونەوەکە بە رووداوی گوتی" کاژێر 12ی نیوەڕۆ کۆبوونەوەکەمان دەستپێدەکات و بە ووردی باسی هەموو لایەنەکانی خولەکە دەکەین، هەروەها دەمانەوێت بگەیەینە ئەنجامێک و یانەکانیش یەکلایی ببنەوە لەسەر چارەنووسی خولەکە".

پێشتر رووداو لە چەند دیبەیتێکی جیاوازدا رای یانە بەشدارەکانی خولی کوردستانی وەرگرتووە، بەشێکی زۆری یانەکان لەگەڵ ئەوەن بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە لەبارەی خولەکەوە بدرێت، ئەوانەشی داوای هەڵوەشاندنەوەی خولەکە دەکەن کەم نین، بەتایبەت بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوورییەی بەهۆی کۆرۆناوە لە یانەکاندا دروستبووە.

یارییەکانی وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی کوردستان بە بەشداری 13 یانە بوو، یانەی نەورۆز بە کۆکردنەوەی 26 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندییە و یانەی برایەتیش هەمان ژمارەی خاڵی هەیە و بەجیاوازیی گۆڵ لە پلەی دووەمی خولەکەیە.