تێر شتیگن نەشتەرگەری دەکات و سێ بۆ چوار مانگ دادەبڕێت

رووداو - دیجیتال

ئاندرێ تێر شتیگنی گۆڵپارێزی یانەی بارسێلۆنا بڕیاریداوە نەشتەرگەری لە قاچیدا بکات، بەڵام لەم کاتەدا نا، بەڵکو دوای کۆتاییهاتنی چامپیۆنزلیگ.

شتیگن ماوەیەکی زۆرە خۆی گرتووە و ئازارەکانی شاردووەتەوە، بەپێی راپۆرتی رۆژنامەکانی مەدرید، ئەو گۆڵپارێزە بڕیاریداوە کە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، راستەوخۆ نەشتەرگەری لە قاچی راستیدا دەکات و بەمەش ماوەی سێ بۆ چوار مانگ لە یاریکردن دادەبڕێت.

شتیگن کە بە ئەستێرەی دووەمی یانەی بارسێلۆنا ناسراوە، ئێستا لە دۆخێکی باشدا نییە، چونکە ئازارەکانی تینیان بۆهێناوە و ناتوانێ چیدیکە بەرگەبگرێت، دەبوو سەرەتای وەرزی رابردوو نەشتەرگەری بکات، بەڵام دوایخست بۆ کۆتاییهاتنی چامپیۆنزلیگ.

شتیگن بەهۆی ئەو نەشتەرگەرییەوە ئێستا هەموو گفتوگۆکانی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا وەستاندووە، تاوەکو نەشتەرگەرییەکە لە ماسوولەکەکانی رانی راستیدا نەکات، گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە.

شتیگنی ئەڵمانی کە تەمەنی 28 ساڵە، لە وەرزی 2014-2015ـەوە یاری بۆ یانەی بارسێلۆنا دەکات، لەم وەرزەدا لە کۆی 36 یاریی لالیگا، 14 کلین شیتی هەبوو.