دەستی تیپە پڕئومێدەکەی پردی دەلال بگرن

25-07-2019
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سامان وڵاتژێری
A+ A-

رووداو - هەولێر

یانەی زاخۆ لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە لووتکەی هێز و نێوبانگەوە بووە یەکێک لە خراپترین یانەکان، لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، هەمووشی بەهۆی هەڤرکی ئەم و ئەو بوو و قوربانییەکەش زاخۆ و زاخۆییەکان بوون.

زاخۆ لە ماوەیەکی کەمدا دوای دروستکردنی یاریگەی نێودەوڵەتی یانەکە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێوبانگ و سەدای لەنێو هەموو عێراق و تەنانەت بەشێکی کیشوەری ئاسیا و ناوچەکەش بڵاوبووەوە، هەموو ئەمەش بەهۆی ئەو هاندەرە سەرسەختانەی یانەکەبوو کە شەو و رۆژیان، نان و خەویان لە یاریگە بوو لەپێناو یانەکەدا.

سێ ساڵ لەمەوبەر لە خولی عێراقدا کە ئەو کاتە یانەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لەوپەڕی خراپیدابوون، دوو کاژێر بەر لە یاریی زاخۆ و هەولێر جێگەیەک بۆ دانیشتنی هاندەران لەنێو یاریگەدا نەمابوو، ئەوان سێ کاژێر بەر لە یارییەکە یاریگەیان پڕکردبوو لە رەنگی سوور و سپی زاخۆ، بەو ئۆمێدەی رۆژێک لە رۆژان یانەکەیان وەک پاڵەوانی عێراق ببینن، بەڵام نەک ئەوە رووینەدا، بەڵکو یانەکە لە لووتکەی خولی عێراق و سەرەتای هەنگاونان بەرەو نازناوەکان کەوت و بووە قوربانی هەڤرکی بەرپرسانی ناوچەکە و بەو هۆیەشەوە، یانەکە لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا پێنج جار گۆڕانکاریی لە سەرۆکی یانەکەدا کرا و پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەش هەر جارە و لەلایەن یەکێکەوە بەڕێوەدەبرا، تاوەکو یانەکە لە وەرزی 2018-2017 بۆ خولی پلە یەک دابەزی.

زاخۆ بە کێشەی زۆردا تێپەڕی هەر ئەو کێشانەش قەرزی زۆری لەسەر یانەکە کۆکردەوە، یانەکە بەر لەوەی حەمید سەلمان ببێتە سەرۆکی، 700 ملیۆن دینار قەرزار بوو، ئێستاش ئەو قەرزانە نەدراونەتەوە و هەمووی لەسەریەک کۆبووەتەوە، هەمووشی بەهۆی ئەوەبوو کە لە ماوەیەکی کەمدا پشت لە یانەکە کرا.

لە خولی پلە یەکی عێراق زاخۆ لەم وەرزەدا بەیەکەمی کۆمەڵەکەی سەرکەوتوو و گەڕایەوە خولی نایاب، تاوەکو گەڕانەوە یانەکە 100 ملیۆن دیناری خەرجکرد، کە ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی فەخری یانەکە هاوکاریی کردن، ئێستاش هاندەرانی یانەکە ئۆمێدیان بۆ گەڕاوەتەوە و چاویان لەوەیە هاوکاریی زیاتریان بکرێت بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێ یاریگە خنجیلانەکەیان پڕببێتەوە لە هاندەر و یانەکەش رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی باش بکات.

زاخۆ بۆ ئەوەی ببێتەوە ژمارەیەکی قورس و لە رکابەرییەکاندا بەباشی دەربکەوێت ئێستا پێویستی بە هاوکارییە و بۆ ئەوەی یانەکەش لە خولەکەدا بەباشی دەربکەوێت 2 تاوەکو 3 ملیار دیناری پێویستە.

یانەی زاخۆ لە خولی پلە یەکی عێراق 7 یاریزانی عەرەب، یاریزانێکی بەرازیلی، یاریزانێکی ‌غانا و یەکێکی ئێرانی هەبوو و بەتێکەڵەیەک لەگەڵ یاریزانە کوردەکان گەڕایەوە خولی نایابی عێراق، بۆ وەرزی داهاتووش 80% ـی پێکهاتەکە گۆرانکاریی تێدادەکرێت و لیژنەیەکیش بۆ چاودێری کردنی یاریزانان پێکهێنراوە.

ئێستا تیپە پڕ ئۆمێدەکەی پردی دەلال و ئاڤا خابیری هیوای زۆری هەیە و لەسەرەتای دروستبوونەوەدایە، ئەوان ئەگەر دەستیان بگیرێت لە داهاتووییەکی نزیکدا دەبنەوە ژمارەیەکی گەورە و دەتوانن رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان و بەدەستهێنانی ئەنجامی باش بکەن، لەبەرئەوە پێویستە بەرپرسانی وەرزشی و ئەوانەی وەرزشیان خۆشدەوێت ئەگەر بیانەوێت هەزاران گەنجی زاخۆ رازیبکەن با هاوکاری یانەکە بکەن، لەکاتێکدا لە رووخساری ئەواندا دیارە ئەوان تینووی هەبوونی یانەیەکی بەهێزن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە