ئەستێرەیەکی ریال مەدرید یانەکە جێدەهێڵێت

رووداو دیجیتاڵ

 

ناچۆ فێرناندێز، کاپتنی یانەی ریال مەدرید دوای 23 ساڵ یاریکردن، ریزەکانی یانەی شاهانە جێدەهێڵێت.
 
یانەی ریال مەدرید، پاڵەوانی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ و خولی ئیسپانیا، رۆژی سێشەممە رۆیشتنی ئەستێرە و کاپتنەکەی ناچۆی راگەیاند، دوای ئەوەی ماوەی 23 ساڵ لە یانە شاهانەدا بەسەربرد.
 
ناچۆ 6 جار نازناوی چامپیۆنزلیگ و 5 جار نازناوی لالیگای لەگەڵ ریال مەدرید بەدەستهێناوە.
 
ئەکاونتی فەرمی یانەی ریال مەدرید لە پلاتفۆرمی "X" بڵاوکراوەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و تێیدا ماڵئاوایی سەرکردە مێژووییەکەی لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ راگەیاند دوای بەسەربردنی کاروانێکی پڕ لە دەستکەوت، کە تێیدا زیاتر لە 26 نازناوی لەگەڵ تیپی یەکەمدا بەدەستهێناوە، لەنێویاندا 6 نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.
 
ریال مەدرید لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی “X” وێنەی ناچۆ و ژمارەی ئەو نازناوانەی بڵاوکردووەتەوە کە لەگەڵ یانەکەیدا بەدەستیهێناون، و رایگەیاند "یانەکەمان رایدەگەیێنێت کە ناچۆی کاپتن بڕیاریداوە کۆتایی بە کاروانی وەرزشیی خۆی وەک یاریزانی ریال مەدرید بهێنێت". هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە "ریال مەدرید دەیەوێت سوپاسگوزاری و خۆشەویستی خۆی بۆ ناچۆ دەرببڕێت".
 
لە درێژەی بڵاوکراوەکەی ماڵئاوایی ئەو یاریزانە ئیسپانییەدا هاتووە "ناچۆ لە ساڵی 2001 گەیشتە یانەی ریال مەدرید، ئەوکاتە تەمەنی تەنیا 10 ساڵ بوو، لە هەموو بەشەکانی ئەکادیمیاکەمان یارییکردووە تاوەکو لە ساڵی 2012 بوو بە یاریزانی تیپی یەکەم، لەو کاتەوە بەرگری لە ئێمە کردووە. ئەو بە درێسی ریال مەدریدەوە بۆ ماوەی 12 وەرز لە یەکێک لە سەرکەوتووترین قۆناخەکانی مێژووی ریال مەدریددا یاری کردووە".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە "ناچۆ کۆتایی بە ژیانی وەرزشیی خۆی لە یانەی ریال مەدرید دەهێنێت وەک کاپتنێک کە جامەکەی پازدەهەمینی چامپیۆنزلیگی لە وێمبڵی بەرزکردەوە، وەک یەکێک لەو 5 یاریزانەی لە مێژووی تۆپی پێدا 6 جامی ئەوروپای بەدەستهێناوە. هەموو هاندەرانی ریال مەدرید هەست بەوپەڕی شانازی دەکەن بەرامبەر بە یەکێک لە ئەفسانەترین یاریزانانی ئەکادیمیا لە مێژووی ئێمەدا". .
 
ناچۆ لە 364 یاری لەگەڵ ریال مەدرید بەشداری کردووە و 26 نازناوی بەدەستهێناوە، لەوانە 6 نازناوی چامپیۆنزلیگ، 5 جامی جیهانی یانەکان، 4 جامی سوپەری ئەوروپا، 5 نازناوی خولی ئیسپانیا، 2 نازناوی جامی شای ئیسپانیا، 5 نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا.
 
هەروەها ناچۆ لە ساڵی 2013 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا نازناوی یۆرۆی خوار تەمەن 21 ساڵانی بەدەستهێناوە، و ئێستا بەشداری لە یۆرۆی 2024 لە ئەڵمانیا دەکات.
 
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە بەرگریکارە تەمەن 34 ساڵەکە دەچێتە یانەی قادسیەی سعودی، کە یاریزانێکی نوێیە بۆ خولی پیشەگەری رۆشن.