ڤیدیۆ؛ کۆمەڵەی سێیەمی یۆرۆ لەبەردەم هاوکێشەیەکی ئاڵۆزدایە

25-06-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ئینگلتەرا
ئینگلتەرا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گارێس ساوسگەیت، بە هەموو پێکهاتەکەیەوە بۆ یاریی گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی یۆرۆ ئامادەیە، لوک شاو بۆ یەکەمجار گەڕایەوە نێو مەشقە بە کۆمەڵەکانی هەڵبژاردەکە و بۆ یارییەکە ئامادەیە.

ئینگلتەرا لەبەردەم یارییەکی زەحمەت و ئاڵۆزدایە، ئاڵۆزییەکەی لەوەدایە رکابەرەکەیان لە دوو تاقیکردنەوەی یەکەمدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە و ئێستا هەلی سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو هەیە.

سلۆڤینیا ئەمشەو رکابەرایەتیی تیپە پڕ لە ئەستێرەکەی ئینگلتەرا دەکات، هەڵبژاردەی بێنیامین سیسکۆ دەیەوێت مێژوو تۆماربکات و دوای 24 ساڵ دوورکەوتنەوە لە یۆرۆ بۆ یەکەمجار لە دووەم بەشداریکردنیدا لە پاڵەوانێتییەکەدا بگاتە قۆناخی شازدە.

ئینگلتەرا و ئەستێرەکانی، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدان، هەڵبژاردەکە لە 2000ـەوە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا نەکراوەتەوە دەرەوە، تیپەکە دەیەوێت یاری سێیەم بکاتە سەرەتایەک بۆ متمانە بەخشین بە هاندەرانی بۆ رکابەریکردنی هەڵبژاردە گەورەکان لە پاڵەوانێتییەکەدا.

مێژووی رووبەڕووبوونەوەی هەردوو هەڵبژاردە لە 6 بۆنەی جیاوازدا لە بەرژەوەندی ئینگلتەرا، سێ شێرەکان 5 بردنەوەیان هەیە و هیچ یارییەکیان نەدۆڕاندووە، ئەمشەو بۆ درێژەدان بەو مێژووە دەچنە یاریگەی رەین شتادیۆن لە کۆلن.

دوو تیپەکەی دیکەی ئەم کۆمەڵەیە، بەهەمان شێوەی ئینگلتەرا و سلۆڤینیا هەلی گەیشتنیان بە قۆناخی داهاتوو ماوە و بەهێزە، یاریی نێوانیان یارییەکی پڕ رکابەری و سەرنجڕاکێش دەبێت.

دانیمارک لە ئالیانز ئارێنا بە دوو یەکسانبوونی لەسەریەک بەرامبەر سێربیای خاوەنی دۆڕانێک و یەکسانبوونێک یاری دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر پەڕینەوە بەرەو قۆناخی شازدەی یۆرۆ.

پێشتر دانیمارک، سێجار بەرامبەر سێربیا یارییکردووە، یارییەکی دۆستانە و دوو یاریی فەرمی، سوور پۆشەکان هەرسێ یارییەکەیان بردووەتەوە و دەیانەوێت چوارەم رووبەڕووبوونەوەشیان هەر بۆ ئەوان بێت.

سێربیا خاوەنی ئەستێرەی زۆرە، بەڵام هێشتا ئاستی راستەقینەی خۆی پێشاننەداوە، ئەوان ئەمشەو هەموو شتێک بۆ ئەوەی وێستگەی داهاتووی گەڕانەوە نەبێت بۆ بەلگراد، بەڵکو مانەوە بێت لەنێو گەورەکانی ئەوروپادا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە