مێسی هۆکاری شکستی وەرزی رابردووی پاریس سانجێرمان ئاشکرا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، کە تازە گواستراوەتەوە بۆ یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی، هۆکاری شکستی یانەی پێشووی پاریس سانجێرمان لە وەرزی رابردوودا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەری گەڕاندەوە.
 
مێسی لەتازەترین هەڤپەیڤیندا، دانی بەوەدا نا کە ئیدی مێسییەکەی جاران نییە و گوتی "دیارە تەمەنم 35 ساڵە، ئیدی هەمان ئەو یاریزانە نیم کە ساڵانێک لەمەوبەر لە بارسێلۆنا بووم".
 
لیۆ ئاماژەی بەوەشکرد، لە وەرزی یەکەمی لەگەڵ پاریس سانجێرمان، رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بووەتەوە، بەڵام وەک خۆی گوتی "لە وەرزی دووەمدا شتەکان زۆر باشتر بوون".
 
پاڵەوانی جیهان لەگەڵ هەڵبژاردەی تانگۆ، جەختیشیکردەوە "بەڕێوەچوونی مۆندیال لە ناوەڕاستی وەرزدا وزەیەکی زۆری ئێمەی لەنێوبرد، هەندێک یاریزان درەنگ گەڕانەوە بۆ مەشق و راهێنانەکان، هەندێکی دیکەش پشووی زیاتریان وەرگرت".
 
ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "ژمارەیەکی زۆر یاریزانیش پێکانیان هەبوو، ئەمەش راهێنەرەکەمانی ناچارکرد پلانی تیپەکە بگۆڕێت، هەروەها هەندێک لە یاریزانە زۆر گرنگەکانمان لەدەستدا، بەتایبەتی نەیمار".
 
مێسی ئاماژەی بەوەشکرد، مۆندیال پێویستی بە زۆر شت هەبوو، بەڵام ئەوە بیانوو نییە، چونکە زۆری دیکە بەشدارییان لە مۆندیالدا کردووە.
 
لە کۆتاییدا لیۆ زیاتر روونیکردەوە "بەڵام بە گشتی ئاستی ئێمە لە خولی فەرەنسا یان چامپیۆنزلیگ زۆر کاریگەر بوو بە مۆندیال، چونکە هەموو تیپەکان بە ریتمێکی جیاواز دەستیان بە کاروانی وەرزشیی خۆیان کردەوە".