ستێرلینگ و خیسۆس دەیانەوێ هەمووان رزگار بکەن

25-06-2022
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
A+ A-
 
لە مێژووی کاری راهێنەرایەتیدا یەکێک لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی گواردیۆلا ئەوەبووە کە یاریزان ناچار بە مانەوە ناکات، چونکە هەرچی هەوڵێک بدات، چەند خۆی ماندوو بکات و خاوەنی تەکتیکێکی پێشکەوتوو بێت، بەڵام لە ژووری جلگۆڕین و لەنێو تیپەکەت یاریزانی بێزار و نیگەران هەبوون، دەبنە سەرچاوەی کێشەی گەورە، بۆیە پێدانی ئازادی بڕیاردان بە یاریزان، راهێنەرەکە لە چۆنییەتی بڕیاردان دەستئاوەڵا دەکات و ئەوکات کەس مینگەمینگ ناکات کە بۆچی خولەکی کەمتر یاری دەکات. گابرێل خیسۆس و رەحیم ستێرلینگ، دەیانەوێ خولەکی زیاتر لە یارییەکانی مان سیتی بەشداری بکەن. 
 
خیسۆس هەرگیز نەیتوانی بۆ راهێنەرەکەی بسەلمێنێت هێرشبەری سەرەکی تیپەکەیە، تەنانەت بۆشایی نەبوونی تارگێت مان و رۆیشتنی ئاگوێرۆشی نەقۆستەوە، ئیدی دەرفەتێک نەماوە بۆ خۆسەلماندن. رەنگە ئێستا ئەو پاساوە بهێنرێتەوە کە خولەکی کەم یاریکردووە، بەڵێ راستە 1925 خولەک یاری کردووە و 10 گۆڵی تۆمار کردووە، لەکاتێکدا ریاز مەحرز نە هێرشبەرە و نە گۆڵکەریشە، 1924 خولەک یاریکردووە، کەچی 17 گۆڵی تۆمار کردووە. لە مانسیتییەک بە لێشاو هەلی گۆڵکردن دروست دەکرێت، تەنیا 10 گۆڵ تۆمار بکەیت، ئەو ژمارەیە بۆ یانەیەک کەمە کە کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی سەرجەم نازناوەکان دەکات.
 
لەنێو سەرجەم یاریزانەکانی هێڵی پێشەوەی مانچێستەر سیتی، ئەم دووانە زۆرترین هەلیان فەوتاندووە، نەیانتوانیوە خاوەنی ئاستێکی جێگیر بن. بۆ وەرزی نوێ، رەنگە خولەکی کەمتر بەشدارییان پێبکرێت، بەمەش مەترسی لەسەر داهاتووی خۆیان لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکانیان دروست دەکەن. بیرمان نەچێت وەرزی دووەمی گریلیش و هاتنی هالاند و ئەلڤارێزە، دوو هێندەی رابردوو هەلی یاریکردنی خیسۆس و ستێرلینگ لاوازتر دەبێت، لەکاتێکدا ئەم دوو یاریزانە لە پێکهاتەی هەڵبژاردەکانیان، چەندین رکابەری جدییان بۆ پەیدا بووە، بۆیە پێویستییان بەوەیە بەر لە مۆندیال شوێنێکی شیاوتر و شایەن بە ئاستی خۆیان بدۆزنەوە.
 
ئەم گواستنەوەیە لەبەرژەوەندی هەرسێ لایەنە. هەم ستی زیاتر لە 100 ملیۆن پاوەنی دەست دەکەوێت، ئەمە لەکاتێکدا ساڵی داهاتوو ماوەی گرێبەستەکەیان بەسەردەچێت و پێناچێ سیتی وەرزی داهاتوو گرێبەستی ئەم دوو هێرشبەرە نوێبکاتەوە، هەم رۆیشتنیان سودێکی ماددی گەورەی بۆ سیتی دەبێت، چونکە چیدیکە سیتی وەکو یەدەگیش پێویستی بەم دوو یاریزانە نییە، بەڵام بە پارەی فۆشتنیان، دەتوانێ دوو بۆشایی گەورە و پێویستی یانەکەی پێ پڕ بکاتەوە، کە هێنانی کۆکۆرێلا بۆ باڵی چەپ و کاڵڤن فلیپسە بۆ شوێنگرەوەی فێرناندینهۆ، چونکە بۆ شوێنی خیسۆس هالاند و ئەلڤارێز هەن. بۆ شوێنی ستێرلینگ، مان سیتی دەتوانێ سوود لە فۆدین و گریلیش وەربگرێت.
 
لەم هەلومەرجەدا، چێڵسی و ئارسیناڵ پێویستییان بە هێرشبەرە. بژاردە گونجاوەکانی مێرکاتۆ کەمن، خیسۆس بۆ ئارسیناڵ گونجاوە، چونکە بۆ ماوەی سێ ساڵ پێکەوە کاریان کردووە و لە ئەلف و بێی تەکتیکی ئارتێتا تێدەگات و بە ئاسانی دەتوانێ جێگەی خۆی بکاتەوە و نرخەکەشی گونجاوە. هەروەها لە هەمان خول یاری دەکات کە پێشتر لەگەڵی راهاتووە، بۆیە پێویستی بە کاتی زۆر نییە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کەشی وڵات و شاری دیکە.
 
هەرچی ستێرلینگە دەکرێ لەگەڵ چێڵسی جیاواز بێت، چونکە لە چێڵسی هاوشێوەی مان سیتی تیپەکە خاوەنی چەندین کاراکتەری گرنگ نییە لە تۆمارکردنی گۆڵ. لە پرێمەرلیگ ڤێرنەر 4 گۆڵی تۆمارکرد، پۆلیسیچ 6 گۆڵ، هاڤێرز و لوکاکو 8 گۆڵ، بەڵام ستێرلینگ بە تەنیا 13 گۆڵی تۆمارکرد، بۆەیە دەکرێ لە چێڵسی یەکێک بێت لە گۆڵکەرە سەرەکییەکانی تیپەکە. شوێنگرەوەکەشی زیاشە یانەکە بەجێدەهێڵێت، بۆیە هەلی ئەوەی هەیە وەرزی داهاتوو زۆرترین خولەک یاری بکات، لە مان سیتی یاریزانانی هێڵی ناوەند، هەندێ جار لە هێرشبەرەکان زیاتر گۆڵ تۆمار دەکەن، رۆڵی هێرشبەر کەمدەکەنەوە. لەم رێگەیەوە باشتر و ئاسانتر دەتوانن هەلی بەشداریکردن لە مۆندیالی قەتەر وەکو یاریزانی سەرەکی بەدەستبهێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە