جێهێشتنی هەڵبژاردەی عێراق لەلایەن یاریزانە کوردەکەی یانەی لازیۆ کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

رووداو دیجیتال

یاریزانێکی کوردی یانەی لازیۆی ئیتالی، ریزەکانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق جێدە‌هێڵێت و لە میسرەوە دەگەڕێتەوە ئیتالیا و ئەم هەڵوێستەی ئەو یاریزانە کوردە لە سۆشیال میدیادا کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

میدیای عێراقی بڵاویکردەوە کە شوان سیروان عوسمانی یاریزانی پێشووی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و ئێستای لازیۆی ئیتالی ئامادە نەبووە چیدی یاریی بۆ هەڵبژاردەی عێراق بکات، لەبەرئەوەی عیماد محەممەدی رهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لە دوو یاریی هەڵبژاردەکەیدا لە جامی لاوانی عەرەب، کە ئێستا لە قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێوەدەچێت، تەنیا 5 خولەک یاریی پێکردووە.

راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لە یەکەم یارییدا لە خولەکی 89 ویتسی شوان بنێرێتە نێو یاریگە، بەڵام دواتر پاشگەزبووەوە و یاری پێنەکرد، لە یاریی دووەمیشدا لە خولەکی 85 ناردییە نێو یاریگە، لە کاتێکدا ئەو یاریزانە کوردە کە لە هێڵی هێرشبردنی تیپی لاوانی لازیۆ یارییدەکات، لەگەڵ یانە ئیتالییەکەی ئاستێکی بەرز لە خولی لاوانی ئیتالیا پێشکەش دەکات و بەرلەوەی پەیوەندی بە هەڵبژاردەی لاوانی عێراقەوە بکات گۆڵی لە هەردوو یانەی جێنەوا و فیۆرێنتینا کردووە.

هەندێک لە میدیاکانی عێراق رایانگەیاند، کە باوکی شوان پەیوەندی بە سەرۆکی شاندی هەڵبژاردەی لاوانی عێراقەوە کردووە و پێیڕاگەیاندووە کە شوان هەر لە سەرەتاوە نەیدەویست یاریی بۆ عێراق بکات، بەڵام ئەوان ناچاریان کردووە پەیوەندی بە هەڵبژاردی لاونی عێراقەوە بکات، بۆیە نەبوونی ئارەزوو بۆ یاریکردن لەگەڵ عێراق وایکردووە شوان ئەو هەڵوێستە وەربگرێت، ئەگەرنا عیماد محەممەد پیشەگەرانە مامەڵەی لەگەڵ شوان کردووە. 

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەشێکی دیکەی میدیای عێراقی دووپاتیدەکەنەوە کە جێهێشتنی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لە لایەن شوانەوە لەسەر داوای خانەوادەکەیەوە بووە، چونکە هەستیان کردووە راهێنەر ستەم لە کوڕەکەیان دەکات و شوان شایەنی ئەو جۆرە مامەڵەیە نییە.

لە سۆشیال میدیاشدا ئەو هەڵوێستەی شوان کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و زۆر لە خودی عێراقییەکان، عیماد محەممەدیان بەوە تۆمەتبارکردووە کە لەسەر بنەمای حزبی و تایفەگەری مامەڵە لەگەڵ یاریزانانی دەکات و هەر ئەوەش وایکردووە شوان بەرگەی ئەو جیاوازییە نەگرێت کە لەنێوان خۆی و یاریزانانی دیکەدا دەکات، لە کاتێکدا گۆڵکاری یانەی لازیۆیە و لە خولی لاوانی ئیتالیادا یەکێکە لە یاریزانە دیار و باشەکان.

هەندێک نووسیویانە، عیماد محەممەد سەر بە رەوتی سەدرە و هەر لەسەر ئەو بنەمایەش کراوەتە راهێنەر و نووسیویانە "ئەو تۆپی پێی عێراق دەڕووخێنێت".

هەندێکیش دەڵێن "دیارە عیماد لە راهێنەری لازیۆی ئیتالیا باشترە، چۆن دەبێت شوان گۆڵکاری یانەی لازیۆ بێت، کەچی عیماد یاری پێناکات؟".

هەندێکیش باس لەوە دەکەن کە شوان کوردە، لەبەرئەوە راهێنەر یاری پێناکات، ئەمە لە کاتێکدایە کە 5 یاریزانی کورد لەگەڵ پێکهاتەی عیماد محەممەددان لە میسر، بەڵام شوان گەڕایەوە ئیتالیا و 4 یاریزان ماونەتەوە، کە بریتین لە هەریەک لە عەبدولقادر ئەیوب، عەلی شاخەوان، مەسرور فەخرەدین، کە ئەمانە بۆ یانەی هەولێر یاری دەکەن و ئەوەی دیکەش بڵند حه‌سه‌نە، کە كوردێكی دیكه‌ی ئه‌ورووپایه‌ و له‌دایكبوونی ساڵی 2003ـەیە و یاری بۆ یانه‌ی دی گرافشابی هۆڵه‌ندی ده‌كات.

رێبه‌ر حوسێن، کە كوردێكی ئێزیدییە و یاری بۆ یانه‌ی بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی دەکات، ئەویش لە لایەن عیماد محەممەدەوە بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی عێراق كرا و گەشتی بەغدای کرد، بەڵام دواتر ئەویش گەڕایەوە ئەڵمانیا و لەو بارەیەوە خێزانی رێبەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە بۆرووسیا دۆرتموند رێگەی بە رێبەر نەداوە یاریی بۆ هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بکات.

عیماد محەممەد، راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، لەبارەی هەڵوێستی شوان سیروانی تەمەن 18 ساڵان، رایگەیاند "ئەو کارەی شوان شۆکی کردووە، چونکە پیشەگەرانە مامەڵەی لەگەڵ هەموو یاریزانەکانیدا کردووە".

عیماد دووپاتیشیکردەوە کە ئەو هەڵوێستەی شوان وایلێناکات مامەڵەی پیشەگەرانەی خۆی لەگەڵ یاریزانەکانی بگۆڕێت و گوتی "هەر بە پیشەگەرانە مامەڵە دەکەم و هەمیشە دەرگای هەڵبژاردەی عێراق کراوە دەبێت لەبەردەم هەر یاریزانێک کە ئارەزووی هەبێت یاری بۆ عێراق بکات".