کۆرتوا لە پێش ئۆبلاک و تێر شتیگن دێت

25-06-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن تیبوا کۆرتوا زامۆرا
A+ A-

رووداو - هەولێر

تیبوا کۆرتوا، گۆڵپارێزی بەلجیکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، تاوەکو ئێستا بەهێزترین بەربژێرە بۆ بردنەوەی خەڵاتی زامۆرای ئەم وەرزەی لالیگا.

لە خولی ئیسپانیادا ساڵانە خەڵاتی زامۆرا بەو گۆڵپارێزە دەدرێت کە کەمترین گۆڵی لێدەبێت، کە لەم وەرزەدا کۆرتوا لەپێش هەردوو رکابەرەکەی یان ئۆبلاکی گۆڵپارێزی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و تێر شتیگنی گۆڵپارێزی یانەی بارسێلۆنا دێت.

کۆرتوا تاوەکو ئێستا بەشداری لە 28 یارییدا کردووە و تەنیا 18 جار تؤڕی گۆڵی هەژێنراوە، واتە لە هەر یارییەکدا تەنیا 0.64 گۆڵی لێبووە. لە کاتێکدا نزیکترین رکابەری یان ئۆبلاکی گۆڵپارێزی ئاتلێتیکۆ مەدریدە، کە لە 31 یارییدا 22 گۆڵی لێبووە، واتە لە هەر یارییەکدا 0.71 گۆڵی لێبووە.

یان ئۆبلاک لە دوایین 4 وەرزی لالیگادا براوەی خەڵاتی زامۆرا بووە، بەڵام وادیارە ئەمساڵ کۆرتوا قسەیەکی دیکەی دەبێت.

تێر شتیگنی گۆڵپارێزی بارسێلۆنا، ئەمساڵ ئامارەکانی خراپن و لە پلەی پێنجەم دێت، کە لە 30 یارییدا 29 گۆڵی لێبووە، واتە رێژەی گۆڵ لێکردنی 0.97 گۆڵە بۆ هەر یارییەک.

ئۆمنای سیمۆنی گۆڵپارێزی یانەی ئاتلێتیک بیلباو لە پلەی سێیەم دێت لەدوای هەریەک لە کۆرتوا و ئۆبلاک، کە لە 28 یارییدا 24 گۆڵی لێبووە و رێژەی گۆڵ لێبوونی 0.86 گۆڵە لە هەر یارییەکدا.

دەیڤید سوریای گۆڵپارێزی یانەی خیتافی، پلەی چوارەمی گرتووە، بە رێژەی 0.94 گۆڵ لە هەر یارییەکدا، کە لە 31 یارییدا 29 گۆڵی لێبووە.

ئەگەر کۆرتوا خەڵاتی زامۆرا بباتەوە، دەبێتە یەکەم گۆڵپارێزی ریال مەدرید لەدوای 12 ساڵ ئەو خەڵاتە بباتەوە، کە دوایینجار ئیکەر کاسیاس لە ساڵی 2008 بەدەستیهێناوە، کە لە دوای کاسیاس هەریەک لە کایلۆر ناڤاس و دیێگۆ لۆپێز نەیانتوانی بەدەستیبهێنن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە