کارلۆس تێڤێز گەڕایەوە یانەی بۆکاجۆنیۆرز


رووداو - هەولێر

سیزار مارتۆچی بەڕێوەبەری گشتیی یانەی بۆکاجۆنیۆرزی ئارجێنتینایی ئاشکرایکرد کارلۆس تێڤێز دەگەڕێتەوە یانەکەیان.

مارتۆچی لە لێدوانی بۆ رۆژنامەی کلارینی ئارجێنتینایی ئاشکرایکرد یانەکەی بەسەرکەوتووانە دانووستانەکانی لەگەڵ یانەی یۆڤینتۆسی ئیتاڵیدا کۆتایی پێهێناوە بۆ گرێبەستکردنب لەگەڵ تێڤێزدا و ئەو یاریزانە رۆژی 7ی مانگی داهاتوو پێشکەشی جەماوەری یانەکە دەکرێت.

بەڕێوەبەرەکە گوتی ئێمە دڵخۆشین بەکارەکە و دوای ماندووبوونێکی بەرچاو توانیمان تێڤێز پاش 11 ساڵ لە رۆیشتن لە یانەکەمان بگێڕینەوە ریزەکانمان.

لای خۆیەوە یانەی یۆڤینتۆس لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رۆیشتنی تێڤێزی بۆ بۆکاجۆنیۆرز راگەیاند، هەرچەندە ئەو یاریزانە ساڵێک لە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکەدا ماوە.

سەرچاوەکان گوتیان یۆڤینتۆس سەرەتا داوای 6،4 ملیۆن یۆرۆی کردووە بۆ دەستهەڵگرتن لەو هێرشبەرە و ماوەی گرێبەستەکەشی لەگەڵ یانە ئارجێنتیناییەکە 3 ساڵە.