کرووس دوایین یاریی لە بێرنابیۆ ئەنجامدەدات

25-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن تۆنی کرووس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یارییەکانی گەڕی کۆتایی لالیگا بەردەوامدەبن، یانەی ریال مەدریدی پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولەکە لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا دوایین یاریی وەرز ئەنجامدەدات.
 
ریال مەدرید بەرامبەر ریال بێتیس یاریی دەکات، جگە لە ئاهەنگگێران بۆ بردنەوەی 36ـەم نازناوی لالیگا، یانەکە لە یاریگەی خۆیدا ماڵئاوایی لە تۆنی کرووس، ئەستێرەی ئەڵمانی و ناوەڕاستکاری بەنێوبانگی یانەکە دەکات.
 
کرووس هەفتەی رابردوو بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو رایگەیاند، لە دوای یارییەکانی یۆرۆی 2024 بەیەکجاری واز لە یارییکردن دەهێنێت، یارییەکەی ئەمشەو دوایین یاریی ئەو یاریزانە دەبێت، بەدرێسی ریال مەدریدەوە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
 
ریال مەدرید نازناوەکەی بردووەتەوە و چاوەڕواندەکرێت ئەنچێلۆتی بە پێکهاتەیەکی یەدەگەوە یارییەکە بکات، بۆ ئەوەی یانەکە بەباشترین شێوە بۆ یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا ئامادەبێت.
 
لەگەڵ ئەوەشدا یانەی شاهانە دەیەوێت پارێزگاری لە ئەنجامە باشەکانی بکات و بە بردنەوەیەکی دیکە کۆتایی بە رکابەرییەکانی ئەم وەرزە بهێنێت.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید بەر لە یارییەکە گوتی "هەست بەباشی دەکەین بەرامبەر ئەو کارانەی لەم وەرزەی خولەکەدا کردوومانە، شایستەی ئەوە بوو و بە خاڵی زۆرەوە نازناوەکەمان بردەوە، ئەمە ئاسانترین خول بوو بەدەستهێنابێت لە کاروانی کارکردنمدا لە رووی کەشوهەوای نێو تیپەکە، یاریزانەکان کارێکی زۆر گەورەکان کرد."
 
کارلۆ لەبارەی تۆنی کرووسەوە دەڵێت "دەبێت باشترین ماڵئاوایی لێبکەین، زۆر رێز لە بڕیارەکەی دەگرم، بڕیارێکە پیاوەکە دەستەڵاتی ئەنجامدانی هەیە، ئەمە راستییەکەیە، بۆیە پێویستە زۆر رێزی بگرین، قەرەبوونکردنەوەی یاریزانێک بەم کوالێتییە زۆر زەحمەتە، ئەگەر مەحاڵ نەبێت."
 
لە لەبارەی ئەوەی چی روویدا، کاتێک کرووس پێیگوت دەمەوێت وازبهێنم؟ ئەنچێلۆتی دەڵێت " هیچ فرمێسک نەبوو، بەهیچ شێوەیەک فرمێسک نەبوو، کارەکان زۆربەباشی بەڕێوەچوون و ئەو متمانەی بەو بڕیارە هەیە کە داویەتی."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە