چاڤی هێرناندێز لە پەیامی ماڵئاواییدا: هیوادارم جارێکی دیکە لەگەڵ بارسێلۆنا کاربکەم

25-05-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆنا، لە دوایین کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا وەک راهێنەری بارسێلۆنا، دووپاتیکردەوە کە تا هەتایە بەهاندەری بارسێلۆنا دەمێنێتەوە، هیوای خواست جارێکی دیکە هەلی کارکردنەوە لە بارسێلۆنا دەستبکەوێتەوە.
 
چاڤی هێرناندێز کە دوو ساڵ و نیو راهێنەری بارسێلۆنابوو، دوێنێ بەفەرمی لە پۆستی مەشقدانی یانەکە دوورخرایەوە. ئەو راهێنەرە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی بەر لە یاریی یانەکەی بەرامبەر سێڤییا لە دواگەڕی لالیگا، کە بووە کۆنگرەی ماڵئاوایی ئەو، دووپاتیکردەوە کە باشە.
 
چاڤی گوتی، "من باشم، بێگومان چەند رۆژێکی زەحمەتم هەبوو، بەڵام ویژدانم مورتاحە، بەتایبەت دەتوانم بڵێم کە شانازی دەکەم، چونکە کاتێک ئاوڕ دەدەمەوە و دوو ساڵ و نیو راهێنەری بارسێلۆنا بووم. کارەکە ئاسان نییە، کاتێک هاتم دەمزانی ئەرکەکە قورسە، بەڵام ئەمڕۆ قسەم لەگەڵ یاریزانان کرد، هەروەها هەموو ستافەکە و دەتوانم بڵێم شانازم بەوەی ئەنجامماندا. قۆناخێکی ئاسان نەبوو، ئەوەش بەهۆی ئەو دۆخەوە کە یانەکە تێیدا دەژی".
 
چاڤی گوتی، "مەشقدانی بارسێلۆنا، شانازی و چێژبەخشبوو".
 
ئەو لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا لەبارەی ئەوەی لەگەڵ خوان لاپۆرتا سەرۆکی بارسێلۆنا روویداوە دەڵێ، "پێموایە کارەکە زۆر ئاسانە، من تێگەیشتنم هەبێت بۆی یان نا، بەسانایی بابەتەکە ئەوەیە کە ئەوان بڕیاریانداوە لەبەر بەرژەوەندی یانەکە ئەو کارە بکەن و پێیانوایە کە گۆڕانکاریی پێویستە، من قبووڵی بکەم یان نا، ئەوە دۆخەکەیە و هیوای باشترینیان بۆ دەخوازم.
هیچم نییە جگە لە قبووڵکردنی ئەوەی روویدا، هێشتا جۆشوخرۆشم هەیە و ویست و باوەڕم بە پێکهاتەکە هەیە، پێموایە لەگەڵ هەندێک گۆڕانکاریدا، دەمانتوانی کاری وروژێنەر بکەین، بەڵام ئەوە نەکرا".
 
چاڤی دووپاتیکردەوە کە بابەتی ئەو پارەیەی لە گرێبەستەکەیدا دەمێنێتەوە لەگەڵ بارسێلۆنا، هیچ کاتێک کێشە دروستناکات و دووپاتیکردەوە، "من لە رۆژی یەکەمەوە گوتوومە، لەسەر مافی خۆم لەو بەشەی گرێبەستەکە کە ماومە، هیچ کێشەیەک دروست نابێت".
 
راهێنەرە دوورخراوەکەی بارسێلۆنا لە 141 یاریدا سەرپەرشتی بارسێلۆنای کردووە، 88 بردنەوە، 24 یەکسانبوون و 29 شکستی هەبووە. نازناوێکی لالیگا و نازناوێکی جامی سوپەری ئیسپانیای لەگەڵ یانەکەدا بەدەستهێناوە.
 
چاڤی دوا ساتەکانی خۆی و پێدانی بڕیاری دوورخستنەوەی لە یانەکە روونکردەوە و گوتی، "لە شێوازی دوورخستنەوەکە دڵگران نیم، دوێنی لەگەڵ سەرۆک بووم و هۆکارەکانی پێگوتم و بۆی روونکردنەوە کە یانەکە پێویستی بەگۆڕینی راهێنەر هەیە بۆ گرتنەبەری گۆڕانکاری. من تەنیا ئەوەم هەیە کە بڕیارەکە قبووڵ دەکەم و رێزی دەگرم، چونکە ئەو بڕیار بەدەستی یەکەمی یانەکەیە".
 
چاڤی کە ساڵانێکی بەرچاو، یەکێکبوو لە سیمبولە گەورەکانی بارسێلۆنا وەک یاریزان لەبارەی دوایین قسەکردنەوە لەگەڵ خوان لاپۆرتا، دەڵێ، "پێمگوت لێرەوە من تەنیا کەسێکم لە یانەکە. هەموو کات ئامادەم بۆ ئەنجامدانی ئەوەی بارسا پێویستی پێیەتی. لەگەڵ ئەودا یەکدیمان لەئامێزگرت و تەوقەمانکرد، هیوای سەرکەوتنم بۆ خواست. من ئیدی هاندەری بارسا دەبم، دەچمە مۆنتوجویل و پاشان کامپ نوی نوێ، هیوای باشترین بۆ سەرۆک دەخوازم، هەروەها بەڕێوەبەری وەرزشی و جێگری سەرۆک، بەتایبەت یاریزانەکان، چونکە ئەوان دەبێ لە باشترین دۆخدابن تاوەکو ببنە پاڵەوان و هەموو شت بەباشی بەڕێوەبچێت".
 
چاڤی هێرناندێز لە دوایین لێدوانەکانیدا، رەتیکردەوە هەستی بەکێشە و گرفت لەگەڵ بەرپرسانی یانە کەتەلۆنییەکە کردبێت، ئەو گوتی، "من دەڕۆم و پێزانینم بۆ سەرۆک هەیە، هەروەها بەڕێوەبەرانی وەرزشی و هەموو ئەوانەی لەگەڵیاندا کارمکردووە. من هیچ کێشەیەکم لەگەڵ بەرپرسەکاندا نەبوو، بەپێچەوانەوە، من کەسێکی هاوئاهەنگکارم، کوڕی تیپەکە و یانەکەم. من هەمیشە بەرژەوەندی یانەکەم لەبەرچاوگرتووە، خۆم گونجاندووە، لەگەڵ هەموو دۆخە قورسەکاندا، هەمیشە بەرژەوەندیی یانەکەم لەپێشچاو گرتووە، وێڕای ئەوەش رووبەڕووی هیچ کێشەیەک نەبوومەتەوە".
 
هێرناندێز، وێڕای دوورخستنەوەی، بەڵام گەڕانەوە بۆ کارکردن لە یانەکە لە داهاتوودا بەدوور نازانێت، دەڵێ دەرگا لەسەرخۆم داناخەم، زیاتر گوتی، "خۆم وا دەبینم کە بەڵێ دەگەڕێمەوە و هیوادارم ئەوە رووبدات. ئەمە ئەو یانەیەیە کە من خۆشمدەوێت. رووبەڕووی هەستی گەورە و جیاوازبووینەوە، بەڵام من حەزدەکەم لە بارسێلۆنا بم و بۆ یانەکە کاربکەم. دەرگا بەڕووی خۆمدا داناخەم، هیوادارم هەلی ئەوەم بۆ بڕەخسێت جارێکی دیکە بگەڕێمەوە".
 
میدیای کەتەلۆنیا دووپاتیدەکەنەوە، شوێنگرەوەی چاڤی هێرناندێز لە مەشقدانی بارسێلۆنا، هانزی فلیکی راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا، لەسەر وردەکاریی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە، گەیشتووەتە رێکەوتن.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە