ئەمشەو بایرلیڤەرکوزن لەبەردەم دووانەی مێژووییدایە


رووداو دیجیتاڵ

پاش لەدەستدانی هەلی سیانەی مێژوویی، بایرلیڤەرکوزن دەیەوێت جارێکی دیکە و لە رێگەی نازناوی جامی ئەڵمانیاوە، خۆی لەسەر سەکۆی نازناوێکی دیکە نێوخۆیی ببینێتەوە، پاش زوو مسۆگەرکردنی نازناوی بۆندێسلیگا.
 
چابی ئەلۆنسۆ و یاریزانەکانی ناچارن زۆر زوو بەرگی خەم، بەلەدەستدانی نازناوی یۆرۆپالیگ لەبەری خۆیان فڕێ بدەن و ئەمجارە ئاراستەی گرەوەکە بەرەو باڵادەستبوونەوە بەسەر نێوخۆی ئەڵمانیا ببەن و کار بۆ بردنەوەی نازناوی جامی ئەڵمانیا بکەن.
 
لیڤەرکوزن، کە زنجیرەی نەدۆڕانە مێژووییەکەی لە یاریی ژمارە 51دا راوەستا، دەیەوێت ئەوە لە کاروانی خۆیدا بنووسێتەوە کە دووانەیەکی مێژوویی نێوخۆیی، لە وەرزێکی مێژوویی و بێوێنەدا بەدەستهێنا و هەموو گەورە و زەبەلاحەکانی ئەڵمانیای ناچارکرد، لە رێڕەوی رێزلێنان و چەپڵە لێدان بۆ سەرکەوتنەکانی ئەو بوەستن.
 
چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر، پاش دروستکردنی تیمی خەونەکان، یەکەمجارە خۆی لە دۆخێکی هاوشێوەی ئەم چەند رۆژەدا دەبینێتەوە، چونکە ئەو و تیپەکەی لە وێستگەیەکی زۆر چارەنووسسازدا دۆڕان و ئێستا ئەرکە گەورە و سەختەکەی چابی بریتییە لە راستکردنەوەی دەروونی یاریزانەکانی و دروستکردنەوەی ویستی بردنەوە تێیاندا.
 
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی بایرلیڤەرکوزن، پێیوایە ئازارەکانی شەوی چوارشەممە، دەکرێ پاڵنەربن بۆ ئەمشەو، تاوەکو تیپەکە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. ئەو دەڵێ، "بەلای منەوە ئەوەی روویداوە هیچ مانایەک نادات. ئێمە دەبێ پێشانی بدەین توانای چیمان هەیە و ئامادەبین بۆ ئەنجامدانی، هەروەها دەبێ بجەنگین و برسی بین، هەستدەکەم ئێمە برسین و ئەوەش هێزی ویستمانە و برسێتییەکە گەورەتر بووە. ئێمە هێشتا ئازارمان هەیە، ئەمەش شتێکی باشە، ئێمە دەبێ ئازارەکە بەشێوەیەکی دروست بەکاربهێنین تاوەکو بتوانین ئەمجارە باش یاریی بکەین و براوە بین".
 
ئەگەرچی رکابەرەکەی لیڤەرکوزن لە یاریی کۆتایی جامی ئەڵمانیادا، رکابەرێکی بەهێز نییە و تەنانەت لە پلە دووی ئەڵمانیا یارییدەکات، بەڵام دەرپەڕاندنی کۆڵن و نۆرنبێرگ لەسەرەڕێی گەیشتن بەیاریی کۆتاییدا کە لە یانە پلە یەکەکانی ئەڵمانیان، دووپاتیدەکاتەوە لیڤەرکوزن ئەرکەکەی بەو ئاسانییە نییە کە هەندێک بیری لێدەکەنەوە.
 
فریدهێلم ڤونکل، راهێنەری کایزەرسلاوتێرن، لە یارییەکەی ئەمشەودا دوایین یاریی لەگەڵ تیپەکەیدا ئەنجامدەدات. ئەو راهێنەرە کە بنمیچی خەونی یاریزان و هاندەرەکانی زۆر بەرزکردەوە، دەیەوێت لە کۆتایی کاروانەکەدا، یادەوەریی شیرین بۆ هەمووان لە یانەکە بەجێبهێڵێت.
 
ڤونکلی راهێنەری یانەی کایزەرسلاوتێرن، باسی دوواین یاریی خۆی لەگەڵ یانەکەی کردووە و دەڵێ، "کاروانێکی باوەڕپێنەکراوبوو. بەکورتییەکەی ناتوانم باسی بکەم، من هەرگیز پێشبینیم نەدەکرد جارێکی دیکە بێمەوە ئێرە بۆ بەشداریکردن لە یاریی کۆتایی جام. پێشتر لەگەڵ دۆیسبۆرگ و فرانکفۆرت لێرە بووم. ئەزموونی زۆر ناوازەبوون، ئەگەرچی ئێمە هەردوو یارییەکەمان بەزەحمەت بەرامبەر بایرن میونشن دۆڕاند. من چاوەڕێی یارییەکەم. پێشتر گوتوومە و دووبارەی دەکەمەوە، دەزانین رووبەڕووی کێ دەبینەوە، ویستی زۆرمان بۆ یارییەکە هەیە".
 
براوەی یارییەکە ئەگەر لیڤەرکوزن بێت، وەرزەکەی بۆ دەکاتە وەرزێکی لەبیرنەکراو لە مێژوودا. براوەی یارییەکە ئەگەر کایزەرسلاوتێرنیش بێت، بەهەمان شێوە مێژوویی و باوەڕپێنەکراو دەبێت. هەر لایەنێک لە یارییەکەدا براوە بێت، جیا لە تۆمارکردنی مێژوو، بەشی ئاهەنگێکی گەورەش لە خۆشی و شادی، بەهاندەرەکانی خۆی دەبەخشێت، بەرلەوەی ئیدی دەرگای رکابەرییەکانی وەرزی ئەمساڵ لە ئەڵمانیا، دوایین قوفڵیان لێبدرێت.