یاریی کۆتایی ئێف ئەی کەپ.. باڵادەستبوونی سیتی و کۆتایی تێن هاگ

25-05-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن دێربیی مانچێستەر ئێف ئەی کەپ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ لە پێشبڕکێیەکی تاقەتپڕووکێندا کە تاوەکو دوا خولەکەکانی خولەکە درێژەی کێشا، مانچێستەر سیتی هەوڵی بەدەستهێنانی نازناوی ئێف ئەی کەپ دەدات. تیپەکە لە دێربییەکی دیکەی شارەکەیدا خۆیدا، بەڵام لەسەر یاریگەی وێمبڵی، رووبەڕووی مانچێستەر یونایتد دەبێتەوە.
 
ئەمە دووەمین وەرزی لەسەریەکە هەردوو یانە، لە یاریی کۆتایی جامەکەدا بەیەکدەگەن، ساڵی رابردوو سیتی نازناوەکەی بردەوە و ئەمساڵیش چاوی لە هەمان دەستکەوتە، تاوەکو ببێتە یەکەم یانە لە مێژووی ئینگلتەرادا بۆ دوو وەرزی لەسەریەک، نازناوی خول و ئێف ئەی کەپ، لای خۆی بهێڵێتەوە.
 
مانچێستەر سیتی، کە بەراورد بەوەرزی رابردوو، نازناوی چامپیۆنزلیگی لەدەستدا، سووربوو لەسەرئەوەی جارێکی دیکە چنگ لە نازناوە نێوخۆییەکانی ئینگلتەرا گیر بکاتەوە و ئەو جەنگە بێئامانەی یانەکە لەپێناو نازناوی پرێمەرلیگدا ئەنجامیدا، دووپاتی لەو راستییە کردەوە کە سیتی لەگەڵ پێپدا، تیپێک نییە بەئاسانی گۆڕەپانی هیچ نازناوێک بۆ رکابەرەکانی بەجێبهێڵێت.
 
ئەگەرچی یارییەکەی ئەمڕۆ پەیوەستە بەنازناوی جامێکەوە و ئەوەش وەک مێژوویەک بۆ براوەکەی دەمێنێتەوە، بەڵام بەیەکگەیشتنی دوو دراوسێ و هاوشاریی لە یارییەکەدا، تاموچێژێکی دیکە لە رکابەریی بە نازناوەکە دەدات.
فیل فۆدن، یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتی، پێیوایە یارییەکە بەهۆی بەریەککەوتنی دوو یانەکەی شاری مانچێستەرەوە، هەستیاریی زیاتر وەردەگرێت.
 
فودن دەڵێ، "بۆنەیەکی تایبەت دەبێت، چونکە دێربییە و لە وێمبڵییە، هاوشێوەی وەرزی رابردوو، یارییەکەش لەو جۆرە یارییانەیە کە ئێمە یاریزان دەمانەوێت ئەنجامی بدەین، بەتایبەت کە یارییەکی گەورەیە. هەستدەکەم کاتێک یارییەکە دەبێتە یاریی دێربی، ئەوە مانای ئەوەیە کە هاندەران و یاریزانان داوای زیاتر دەکەن. وەک گوتم، ئەمە یارییەکە ئێمە وەک یاریزان دەمانەوێت ئەنجامی بدەین، لەبەرئەوە هەمووان بەتاسەوە چاوەڕێی دەبین".
 
مانچێستەر یونایتد لە دۆخێکی تەواو جیاوازدایە. تیپەکە دەستبەتاڵ لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان هاتووەتە دەرەوە، ناسەقامگیر و پڕ لە کێشەیە، گوشاری زۆری هاندەران و میدیاکانی لەسەرە و بەرچاو روون نییە چیدەکات، بەڵام بەدەستهێنانی دوایین نازناوی بەردەستی وەرزی ئەمساڵ، دەکرێ کۆی ئاوەزی یانەکە بەرەو باشبوونێکی بەرچاو بگۆڕێت.
 
یەکێک لەو کێشانەی لە وەرزی ئەمساڵدا مانچێستەر یونایتدی دووچاری سەرئێشەی گەورە کرد، پێکرانی زۆری یاریزانان بوو کە تیپەکەی شەکەت کرد، بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ، لۆک شاو یاریی ناکات و گومان لەسەر بەشداریکردنی هاری ماگوایەر و لیندیلۆڤ هەیە و ئەگەر هەیە کاسیمیرۆش بەبڕیار لە پێکهاتەکە دووربخرێتەوە. پێشبینیکراوە هەندێک یاریزان بەناچاری لە شوێنێکدا یاریی بکەن، کە شوێنی یاریکردنی خۆیان نییە.
 
ئاندرێ ئۆنانا، گۆڵپارێزی یانەی مانچێستەر یونایتد، دەڵێ هاوڕێکانی ناچارن لەپێناو تیپەکەدا قوربانیی بدەن و چاوپۆشی لەوە بکەن کە لە شوێنی دڵخوازی خۆیان یاریی ناکەن،"من دڵخۆشم بەوەی هاوکارەکانم لە تیپەکە دەیکەن، هەندێکیان وەک دڵی بەرگری یارییدەکەن، یان بەرگریکەری باڵ، یان هێرشبەر. برۆنۆ هەندێکجار دڵی بەرگرییە، لەبەرئەوەی لە ئێستادا دۆخەکەمان بەو شێوەیەیە. زۆرینەی یاریزانەکان قوربانیی زۆر لەپێناو تیپەکەدا دەدەن و ئەگەر تیپەکە پێویستی بەهەرچییەک هەبێت، بۆ نموونە ئەگەر تیپەکە پێویستی بەوە هەبێت بەرگریکەر بین، دەبێ ئەوە بکەین کە پێویستە لەسەرمان".
 
دێربییەکەی مانچێستەر لەسەر ئێف ئەی کەپ، بۆ سیتی دەبێتە کلیلی قۆناخێکی دیکە لە سەقامگیری و باڵادەستبوونی تیپەکە بەسەر نازناوەکاندا، بەڵام بۆ یونایتد دیار نییە دۆخەکە بەچ ئاراستەیەک دەبات، بەتایبەت کە پێشبینیکراوە لە دوای یارییەکەوە، سەرقاڵیی سەرەکی لە یونایتد، بڕیاردان لە دوورخستنەوە یان بەردەوامبوونی ئێریک تێن هاگ دەبێت لە مەشقدانی یانەکە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).