یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگە و دوو ئەستێرەی بەنێوبانگ رکابەری لەسەر نازناوەکە دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمرۆ ئێوارە یاریی گەڕانەوەی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بەڕێوەدەچێت، دوو ئەستێرەی بەنێوبانگ رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوەکە.
 
یاریی گەڕانەوەی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، کاژێر 19:00 لە یاریگەی هەزاع بن زاید، لە عەین بەڕێوەدەچێت، یانەی عەینی ئیماراتی، بە راهێنەرایەتیی هێرنان کریسپۆ، ئەستێرەی پێشووی ئەرجەنتین میوانداریی یانەی یۆکۆهاما مارینۆسی ژاپۆنی دەکات، کە هاری کیویل، ئەستێرەی پێشووی ئوسترالیا و هێرشبەری یانەی لیڤەرپوول راهێنەرایەتیی دەکات.
 
لە یاریی چووندا لە ژاپۆن، یانەی یۆکۆهاما بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و دەیەوێت پارێزگاری لەو پێشکەوتنەی بکات، بۆ بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە بەرامبەردا یانەی عەینی ئیماراتی چاوی لەوەیە سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی نازناوەکە بباتەوە.
 
پێشتر لە 2005 هێرنان کریسپۆ و هاری کیویل وەکو یاریزان لە چامپیۆنزلیگی ئەوروپادا رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، ئەمڕۆ وەکو راهێنەر لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا رکابەری یەکدی دەکەن.
 
یانەی عەین جارێک لە 2003 نازناوی چامپیۆنزلیگی ئاسیایی بەدەستهێناوە، یۆکۆهاما هەرگیز نازناوەکەی نەبردووەتەوە و دەیەوێت بۆ یەکەمجار ببێتە پاڵەوان.
 
ئەوەی ئەمڕۆ دەبێتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، راستەوخۆ دەگاتە یارییەکانی مۆندیالی یانەکان لە 2025.