راهێنەری ریال مەدرید یەکەم گرێبەستی ئەمساڵی یانەکەی راگەیاند


رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا، ئەنجامدانی یەکەم گرێبەستی وەرزی ئەمساڵ یانەکەی راگەیاند.
 
ریال مەدرید دوێنێ شەو بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە رایۆ ڤاییکانۆی بردەوە، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی دوای یارییەکەدا، راهێنەری ریال مەدرید دووپاتیکردەوە یەکێک لە یاریزانەکانی ئەو یانەیە، وەرزی داهاتوو لەگەڵ ریال مەدرید دەبێت.
 
ئەنچیلۆتی لە دوای یارییەکە، باسی لە فران گارسیا، بەرگریکەری یانەی رایۆ ڤاییکانۆ و ئەگەری گواستنەوەی بۆ یانەی ریال مەدرید کرد.
 
ئەنچیلۆتی گوتی، "فران گارسیا ئەو بەرگریکەرەی باڵی چەپە کە وزە و خێراییەکی زۆری بەتۆپەوە هەیە". هەروەها گوتی، "گارسیا بەباشی هێرشدەبات، ئەو یاریزانێکە شایستەی ئەوەیە لە ریال مەدرید یاریی بکات و وەرزی داهاتووش لەگەڵ ئێمە دەبێت".
 
قسەکانی ئەنچیلۆتی هاوکاتە لەگەڵ گەرمبوونی ئەو دەنگۆیانەی باس لە هەوڵەکانی ریال مەدرید دەکەن بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئاندرێ رۆبێرتسۆن، یاریزانی ناوەڕاستی یانەی لیڤەرپوول.
 
ریال مەدرید پێویستی بەبەهێزکردن و پتەوکردنی باڵی چەپی بەرگری تیپەکەی هەیە، بەتایبەت کە لە وەرزی ئەمساڵدا زۆرینەی کات لەبەر پێکرانی بەردەوامی فێرلان مێندی، کاماڤینگا لەو شوێنەدا یاریی کرد. دوای هاتنی فران گارسیا، چارەنووسی مێندی لەگەڵ یانەکەدا بەنادیاری دەمێنێتەوە.
 
فران گارسیا، یەکێکە لە دەرچووەکانی ئەکادیمیای ریال مەدرید و ساڵی 2018 بۆ تیپی یەکەمی یانەکە سەرخرا، بەڵام دواتر بەخواستن روویکردە یانەی رایۆ ڤاییکانۆ و تاوەکو 2020 بەخواستن لەو یانەیە مایەوە، بەرلەوەی لە هاوینی 2021دا ئەو یانەیە گرێبەستەکەی بەیەکجاری بکڕێتەوە.
 
گارسیا بەر لە رۆیشتن لە ریال مەدرید، یەک یاریی بەدرێسی یانەی شاهانەوە ئەنجامداوە. بەپێی گرێبەستەکەی لەگەڵ رایۆ ڤاییکانۆ، هەر کاتێک ریال مەدرید بیەوێت ئەو یاریزانە بەدەست بهێنێتەوە، دەبێ 10 ملیۆن یۆرۆ بداتە یانەی رایۆ ڤاییکانۆ بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە.