ئیسپانیۆل گومانی لە شکستی بارسێلۆنا هەیە و سکاڵا تۆمار دەکات


رووداو دیجیتاڵ

خوان کولیت، سەرۆکی پێشووی یانەی ئیسپانیۆلی ئیسپانی، داوای لێکۆڵینەوەی لە یانەی بارسێلۆنا کرد، پاشئەوەی بارسا بە ئەنجامی 3 - 1 بە ڤایادۆلید دۆڕا، لە رکابەرییەکانی هەفتەی 36ی خولی ئیسپانیادا. خوان دەڵێ، "ئەگەر هەیە بارسا بەئەنقەست خۆی بەدۆڕاندن بدات".
 
سەرۆکی پێشووی ئیسپانیۆل دەڵێ، "دوورنییە بارسا کار بۆ ئەوە بکات تیپەکانی دیکە لە لالیگا بمێننەوە و ئیسپانیۆل داببەزێت"
 
بارسێلۆنا پاش مسۆگەرکردنی بردنەوەی نازناوی لالیگای ئەمساڵ، دوو یاریی لەسەریەکی خۆی دۆڕاندووە، بەڵام دۆڕانی یانەکە بەرامبەر ڤایادۆلید، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر چارەنووسی ئەو یانانەی ژێرەوەی ریزبەندی خولی لالیگا هەیە، کە لەپێناو مانەوە لە خولەکەدا تێدەکۆشن.
 
بەهۆی سەرکەوتنیەوە بەسەر بارسێلۆنا، ڤایادۆلید لە ناوچەی مەترسیداری دابەزین هاتە دەرەوە و دوو یاریی لە وەرزی ئەمساڵی خولی لالیگادا ماوە. بەهۆی هەمان سەرکەوتنەوە ئیسپانیۆل کەوتووەتە دۆخێکی خراپەوە لەپێناو خۆ پاراستن لە دابەزین بۆ خولی پلە دووی ئیسپانیا.
 
کولیت لە ماوەی نێوان 2012 تاوەکو 2016 سەرۆکی یانەی ئیسپانیۆل بووە.
 
ئەو بەرپرسە گوتوویەتی، بەئارامییەوە تەماشای یارییەکەی بارسام کرد، چونکە دەمزانی چی روودەدات و پێشبینی ئەنجامەکەم دەکرد، ئەنجامەکە تووشی شۆکی نەکردم.
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "چاڤی گوتی تیپەکەی براوە دەبێت، بەڵام دەبوو لەوە زیاتر چیدیکە بڵێت؟ ئەنجامەکە بووە هۆی ئازاردانی پێنج تیپ، نەک بەتەنیان ئیسپانیۆل، من ئیشەکە بۆ هاندەرانی ئەو پێنج تیپە جێدەهێڵم باخۆیان بیر لەوە بکەنەوە کە چی روویداوە؟".
 
کولیت لە کۆتاییدا دەڵێ، "دەستەی لالیگا زۆر حەزی لە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانە، ئەگەر من سەرۆکی ئیسپانیۆل بوومایە، ناچارم دەکردن تەماشای یارییەکەی بارسێلۆنا بکەن و لێی بکۆڵنەوە".
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، گومانەکانی ئیسپانیۆل بەرامبەر شکستەکەی بارسێلۆنا هەر لەلایەن سەرۆکی پێشووی یانەکەوە نییە، بەڵکو بەرپرسان و کارگێڕیی یانەکە، بڕیاریانداوە سکاڵا لەسەر ئەنجامی یارییەکە تۆمار بکەن و داوای لێکۆڵینەوە لە ئەگەری دەستکاریکردن و فێڵ لە ئەنجامەکەیدا بکەن.