تێباس داوایلێبوردن لە ڤینیسیۆس دەکات

رووداو دیجیتاڵ

خاڤیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا، داوایلێبوردنی لە ڤینیسیۆس جۆنیۆری یاریزانی یانەی ریال مەدرید کرد، بۆ ئەو قسانەی کە دوای رووداوەکەی یاریگەی مێستایا کردبووی، کاتێک هاندەرانی یانەی ڤالێنسیا دروشمی رەگەزپەرستییان لە دژی ڤینی گووتەوە.
 
تێباس پێشتر گوتبووی "چەندجارێک بە ڤینیسیۆسمان گوتووە وەرە با باسی رەگەزپەرستی و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی لەنێو یاریگەکاندا بۆت بکەین، بەڵام ئەو نەهاتووە". ئەم لێدوانانە هەرایەکی گەورەیان نایەوە و تەنانەت بەرازیلییەکان و خودی ڤینیسیۆسیش تێباسیان بەوە تۆمەتبارکرد کە لە رێزی رەگەزپەرستانە.
 
تێباس لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا، رەتیکردەوە مەبەستی ئەوە بووبێت هیرش بکاتە سەر ڤینیسیۆس و گوتی "هەمیشە بە تیمەکەم دەڵێم کاتێک مرۆڤەکان، یان بەشێکی گرنگی مرۆڤەکان، پەیامەکە بەهەمان جۆر تێدەگەن، واتا راست دەکەن. بۆیە دەبێت داوای لێبوردن بکەم، چونکە ئەو پەیام و مەبەستەی کە نووسیم، بەشێکی زۆری خەڵک بەتایبەتی لە بەرازیل تێنەگەیشتن". 
 
ئەو هەروەها گوتی "من هیچ نیازێکم نییە هێرش بکەمە سەر ڤینیسیۆس. بەڵام، ئەگەر بەمشێوەیە لەلایەن زۆر کەس لە بەرازیلەوە بە هەڵە تێگەیشت بن، دەبێت داوای لێبوردن بکەم. مەبەستم ئەوە نەبوو. لەوانەیە من بەباشی روونم نەکردبێتەوە، یان کاتەکەی گونجاو نەبووبێت، بەڵام نەمویستووە هێرش بکەمە سەر ڤینیسیۆس، ئەوم خۆش دەوێت".
 
سەرۆکی لالیگا، هەروەها گوتی "وەک پێشتر ئاماژەم بۆ کردووە، 10 دۆسیەمان پێشکەشی دەسەڵاتی دادوەری کردووە. کە ناچار نەبووین، بەڵام ویستمان ئەوە بکەین، چونکە ئێمە رەگەزپەرستیمان ناوێت لە تۆپی پێدا، زیاتر بەرامبەر بە یاریزانێک کە ببێتە ئەستێرەی تۆپی پێ، ڤینیسیۆس ئەستێرەی تۆپی پێیە!". 
 
تێباس گوتیشی "کاتێک ڤینیسیۆس وەرزی یەکەمی بەباشی ئەنجام نەدا، و لیۆنێل مێسی خولی ئیسپانیای جێهێشت، پرسیاریان لێکردم کام ئەستێرەی تۆپی پێ لە ئیسپانیا ماوە، منیش گوتم ڤینیسیۆس. ڤینیسیۆس یاریزانی یانەی ریال مەدریدە، یەکێکە لە یاریزانانی خولی ئیسپانیا و دەمانەوێت لەگەڵمان بێت. زۆر بەداخەوەم بۆ ئەوەی بەسەریدا هات".