ڤیدیۆ؛ ئینتەرمیلان بووە پاڵەوانی جامی ئیتاڵیا

25-05-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئینتەرمیلان جامی ئیتاڵیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەرمیلان بووە پاڵەوانی جامی ئیتاڵیا، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا لە فیۆرێنتینای بردەوە.
 
لەسەر یاریگەی ئۆڵیمپیکۆ لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، فیۆرێنتینا و ئینتەرمیلان لە یاریی کۆتایی جامی ئیتاڵیادا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و نازناوەکە بۆ دووەم ساڵ بەسەریەکەوە بووە بەشی ئینتەرمیلان دوای ئەوەی یارییەکەی بە ئەنجامی 2-1 بردەوە.
 
فیۆرێنتینا هەر زوو دەستپێشخەربوو، و لە خولەکی سێیەمدا لە رێگەی نیکۆلاس گۆنزالێزی تەمەن 19 ساڵەوە گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد. 
 
دوای ئەم گۆڵە کوڕانی سیمۆنی ئینزاگی باشتر دەرکەوتن و بە ئامانجی یەکسانکردنەوەی ئەنجماەکە دەستینا بە هێرشبردن کرد، تاوەکو لاوتارۆ مارتینێزی گۆڵکاری یانەکە لە خولەکی 29ـدا توانی تۆڕی فیۆرێنتینا بهەژێنێت و ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە.
 
ئینتەر و لاوتارۆ بەوەندەش رانەوەستان و دوای هەشت خولەک هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی ئینتەر بە 2-1 کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا فیۆرێنتینا زۆر هەوڵیدا بگەڕێتەوە، بەڵام هەموو هەوڵەکانی بێسوود بوون و هیچ شتێک نەگۆڕا و جامەکە بە ئینتەرمیلان درا، کە دووەم جارە بەسەریەکەوە و نۆیەمین جارە لە مێژووی خۆیدا دەباتەوە.
 
راهێنەر و یاریزانانی ئینتەرمیلان، کە دوای یارییەکە قسەیان بۆ میدیاکان کرد، وێڕای دەربڕینی دڵخۆشییان بەم نازناوە، دووپاتیانکردەوە کە ئەم دەستکەوتە دەبێتە هاندەرێکی باش بۆیان، بۆ ئەوەی بە ورەیەکی بەرزەوە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مانچێستەر سیتی بکەن، کە بریارە 10ـی مانگی داهاتوو لە ئیستەنبوڵ رووبەڕووی یەکدی ببنەوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە