بنزیما باس لە رۆناڵدۆ و بردنەوەی باڵۆن دۆر دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

کەریم بنزیما، ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەڵێت " دەمەوێت لە ریال مەدرید واز لە یارییکردن بهێنم و شانازییەکی زۆر بە فلۆرێنتینۆ پێرێزەوە دەکەم."
 
کەریم بنزیما، لە هەڤپەیڤینێکی رۆژنامەڤانیدا دەڵێت " سەردانی فلۆرێنتینۆ پێرێز لە 2009 بۆ ماڵەکەم زۆر تایبەتبوو، ئەو هاوکارییەکی زۆری کردووم و زۆر شانازیی پێوە دەکەم."
 
بنزیما دەڵێت " پێشتر وامدەزانی یاریی تۆپی پێ تەنیا لەنێو یاریگەیە، بەڵام بەپێی ئەزموون فێربووم کە رێگەی دیکە هەن بۆ گەیشتن بە ئاستێکی بەرز، ریال مەدرید ئێستا لە هەموو تیپەکانی دیکە جیاوازە، من ریال مەدریدم خۆشدەوێت، کاتێک بەتەنیا هاتم بۆ ریال مەدرید بۆ من زۆر قوڕس بوو، بەڵام ئێستا هەستدەکەم لە هەموو کاتیک باشترم و ئێستا زیاتر لە جاران هەستدەکەم رۆڵی سەرکردە دەبینم.
 
کەریم زیاتر گوتی" دی ئێن ئەی ریال مەدرید ئەوەیە کە ئێمە دەست داناهێڵین و خۆمان بەدەستەوە نادەین، هەموو یانەیەک ناتوانێت ئەمە بکات."
 
سەرکردەکەی ریال مەدرید دەڵێت " ئەنچێلۆتی هەمیشە پێدەڵێت یاری بکەم و جیاوازی دروستبکە، کاتێک دەچمە نێو یاریگە تەنیا یەک شت لە مێشکمدایە، ئەویش بردنەوەیە."
 
بنزیما باس لە یارییکردن بەبێ رۆناڵدۆ دەکات و گوتی " باشترم بەبێ رۆناڵدۆ؟، ئێستا یارییکردن جیاوازە و زیاتر گۆڵ دەکەم، هەرگیز نەمگوتووە من باشترین یاریزانی جیهانم، نامەوێت من لە شوێنی خەڵک قسەبکەم."
 
ئەستیرە فەرەنسییەکە دەڵێت " تۆپی ئاڵتۆن؟ نازانم، بەڵام بە وەرزێکی باشدا تێپەڕیم، کە کاتم هەبوو بیری لێدەکەمەوە."