رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی یانەی چێڵسی درا

 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی بەڕێوەبردنی خولی تۆپی پێی ئینگلتەرا، بەشێوەیەکی فەرمی رەزامەندیی لەسەر فرۆشتنی یانەی چێڵسی بە تۆد بۆیلی، ملیاردێری ئەمریکی پێشاندا.
 
هەرچەند بۆیلی لە ماوەی رابردوودا رەزامەندیی حکومەتی بەریتانیای بۆ کڕینەوەی یانەکە وەرگرتبوو و لە چەند یارییەکی یانەکەشدا ئامادەبوو، بەڵام هەر دەبووایە رەزامەندی دەستەی بەڕێوەبردنی پرێمەرلیگی پێبدرێت.
 
بۆیلی یانەکەی بەرامبەر 2 ملیار و 500 هەزار پاوەند کڕیووەتەوە، کە دەکاتە 3 ملیار و 100 هەزار یۆرۆ.
 
دەستەی بەڕێوەبردنی خولی ئینگلتەرا لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت " ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی خولەکە رەزامەندی لەسەر کڕینەوەی یانەی چێڵسی لەلایەن تۆد بۆیلی و کۆمەڵەی کلیرلیک پێشاندا."
 
کڕینەوەی یانەی چێڵسی لەلایەن ملیاردێرە ئەمریکییەکەوە دوای ئەوە هات، کە رۆمان ئەبرامۆڤیچ، ملیاردێری رووسی بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە بۆ سەر ئۆکراینا ناچارکرا دەستبەرداری یانەکە ببێت.
 
بۆیلی لە گواستنەوەی هاوینەدا بڕیاریداوە گۆڕانکاری لە یانەکەیدا بکات و پارەیەکی زۆر دەخاتە بەردەستی تۆماس تۆخێل، بۆ ئەوەی یاریزانی نوێ بگوازێتەوە، بەڵام پێش ئەوە دەستبەرداری چەند یاریزانێکی دەبێت.